زاری كرمانجی- سۆران:
ئەندامێکی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، لە بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان لە پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق پشکی ھەرێمی کوردستان 270 ملیار دینارە، ھاوکات وەکو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان نەکراوە.
سیپان عەزیز، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: لە پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق پشکی ھەر پارێزگایەک دانراوە وەکو بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، بەڵام بۆ ھەرێمی کوردستان بوودجەکەی بەیەک پاکێج دیاریکراوە نەک وەکو پارێزگا، کە نزیکەی 270 ملیار دینارە، بۆیە وەکو ھەرێمی کوردستان مامەڵەی لەگەڵ کراوە نەک پارێزگا، واتا ئەو بوودجەیە بۆ ھەر سێ پارێزگای ھەرێمی کوردستان سلێمانی، دھۆک و ھەولێرە، بەڵام پارێزگای ھەڵەبجەی تێدا نیە، چونکە ھێشتا دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسایی بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە نەدراوە”.
سیپان عەزیز گوتیشی: “لە عێراقیش بوودجە بۆ ھەر پارێزگایەک جیاوازە لەگەڵ پارێزگایەکی دیکە، چونکە زیاتر گرنگی بەو پارێزگایانە دراوە کە رێژەی ھەژاری زۆرە و ئازادکراون، بەڵام ئەوەی ھەرێمی کوردستان وەکو ھەرێم بۆیان دیاریکراوە”.
عەزیز باسی لەوەشکرد: “ئەو بوودجەیی دانراوە لەچوارچێوەی پشکی ھەرێمی کوردستان نیە و ئەوە جیایە و لە چوارچێوەی بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی عێراقە”.