نێجیریا داوا لە عێراقییەکان دەکات دەستدرێژی کردنە سەر کچەکانیان ڕابگرن
زاری کرمانجی – سۆران :
ئاژانسی حکومەتی نێجیریا ی تایبەت بە قەدەخەکردنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کچە کارگوزارەکانیان لە عێراق دەستدرێژی سێکسيان دەکرێتە سەر.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە : “ئەو کچە نێجیریانەی لە عێراق لە ماڵان کار دەکەن، بە شێوازی جیاجیا ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و دەستدرێژیی سێکسی بوونەتەوە و هەندێکیان داوایان لە حکومەت کردووە بۆ ئەوەی بیانگێڕێتەوە وڵاتەکەیان.”
لە هەر دوو شاری بەغدا و بەسڕە، زۆرترین حاڵەتەکانی دەستدرێژی بۆ سەر کارگوزارە نێجیریيەکان تۆمارکراوە هەر وەکوو لە ڕاپۆرتەکەدا هێمای بۆ کراوە.
هاوکات وەزارەتی ناوخۆی عێراق نايشارێتەوە کە حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کارگوزارە بیانییەکان هەبووە و بەڵام ڕەتی دەکاتەوە کە ئەوان نێجیریی بووبن.
خالید محنە گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی باس لەوە دەکات کە وەزارەتی ناوخۆ لە حاڵەتی بوونی سکاڵا ڕێکاریی یاسایی بەرامبەر تۆمەتباران دە گرێتە بەر و دەڵێ: “هەندێک لەم جۆرە حاڵەتە هەبووە، بەڵام بە شێوەیەکی وەها باو نەبووە و تەنانەت کچەکانیش خەڵکی کینیا بوون نەوەک نێجیریا.”