سەركار عوسمان:” دڵمان ژان دەكات بۆ كەم ئەندامان”
محەممەد مەحموود- سۆران :
لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ دروستكردنی باڵەخانەی قوتابخانەكان، رەچاوی ئەوە نەكراوە لە بەشی نەخشەسازی ئەو باڵەخانەیەیی دروست دەكرێت بگونجێت لەگەڵ قوتابییانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن بە بێ گرفت لە قوتابخانەكان بخوێنن، لە سۆرانیش كەمئەندامان گلەییان هەیە و داوای رێگەچارەی گونجاو دەكەن.
سەركار عوسمان، لە كۆمەڵەی سۆران بۆ چاودێری كەمئەندامان بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” لە سنووری كۆمەڵەكەمان (250 تا 300) قوتابیمان هەیە، لەكاتی كردنەوەی قوتابخانەكان گرفتیان بۆ دروست دەبێت، بە بیانووی جۆراوجۆر وەرناگیرێن و لە مافی خوێندن بێ بەش دەبن، نەگونجانی باڵەخانەی قوتابخانەكانیش هۆكارێكی ترە بۆ قوتابییانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بەگشتی بۆ ئەو قوتابییانەی لەسەر كورسین و ناتوانن بڕۆن، زۆرجار بەهۆی ئەوەی قوتابخانەكان دوو نهۆمن قوتابی كەمئەندام ناتوانێت بچێتە نهۆمی دووەم و لە خوێندن دادەبڕێت.”
سەركار عوسمان، گووتیشی “70 بۆ 80 قوتابی داون یا مەنگۆلی یشمان هەیە، ئەوانیش كێشەی خوێندنیان هەیە و لە قوتابخانەكان وەرناگیرێن، ئەمەش گرفتە بۆ ئێمە، چونكە كەسوكاریان داوا دەكەن منداڵەكانیان لە خوێندن بێ بەش نەبن “.
سەركار عوسمان لە كۆتایی قسەكانی گووتی: ” داوایەكمان ئاڕاستەی هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كردەوە و بۆمان ڕوونكردۆتەوە لە ئیدارەی سۆران بە دەیان خانەوادەی كەمئەندامان هەیە، كە لەكاتی كردنەوەی قوتابخانەكان كێشەیان بۆ دروست دەبێت، كەم ئەندامیان هەیە و حەز و ئارەزووی قوتابخانەیان هەیە كە سەرەتایترین مافی خۆیتان، بەڵام بەداخەوە لە قوتابخانەكان وەرناگیرێن و هیچ شوێنێكی فەرمیش نییە وەك هەولێر و شوێنەكانی تر كە بە خوێندنی ڕەسمی بۆیان هەژمار بكرێت و وەریان بگرن و رۆژانەش خەڵك سەردانمان دەكەن، هەمان كێشەیان هەیە و دڵمان ژان دەكات بۆیان چونكە زۆر بە پەرۆشەوە باسی قوتابخانە دەكەن، بۆیە هیوادارم ڕێگە چارەیەك بدۆزنەوە، چونكە هەر ساڵێك لە تەمەنیان دەڕوات هەزاران خۆزگەیان زیندەبەچاڵ دەبن”.