نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق كرد، لەبارەی پێشهاتەكانی پێوەندیی هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆ و هەوڵەكانی چارەسەكردنی كێشەكانی نێوانیان، دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، پرسی هەڵبژاردن و ڕەوشی شنگال، بۆچوونەكانیان گۆڕییەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی ئایار، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە مارك برایسۆن ریچاردسۆن باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا لەبارەی دواین پێشهاتەكانی پێوەندیی هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆ و هەوڵەكانی چارەسەكردنی كێشەكانی نێوانیان، دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، پرسی هەڵبژاردن و ڕەوشی شەنگال، بۆچوونەكانیان گۆڕییەوە.
هەردوولا بە ئەرێنییەوە باسیان لە بەرەوپێشچوون و لێكگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، هەروەها هاوڕابوون لەسەر گرنگیی چارەسەركردنی ناكۆكییە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا.
لەبارەی دۆخی شنگال، هەردوولا دووپاتیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەكە و ڕێگرتن لە وتاری ڕقوكینە كردەوە، جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵیان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، بە پێویست و گرنگ لە قەڵەم دا.
پێوەندییەكانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و چەند پرسێكی تری جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوون كە بەڕێز كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو.