ڕۆژان قیاس_زاری كرمانجی:
بەرپرسێكی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە بارەی دەرماڵەی مانگانەی قوتابییانەوە رایگەیاند:”جارێكی تر دەرماڵەی قوتابییان خەرج دەكرێتەوە”.
بەهۆی خراپی رەوشی ئابووریی و ئەو قەیڕانانەی هەرێمی كوردستانی گرتبووە، دەرماڵەی قوتابیانیش وەستاو و ئەو كات كاریگەری لەسەر ژیان و خوێندنی قوتابییان دروستكرد، لە ئێستادا قسەوباس زۆرە لە سەر دەرماڵەی مانگانە،
بەڵام شۆڕش میران بەرپرسی لقی سۆرانی یەكێتی قوتابیانی كوردستان، هەموو ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی راگرتنی دەرماڵەی قوتابیان و گۆڕانكاریی كردن لە بڕەكەی رەت دەكاتەوە و لە رێگەی زاری كرمانجی یەوە دڵنیایی دەداتە قوتابیان و دەڵێ:” ئەو بڕە دەرماڵەیەی كە مانگانە بەسەر قوتابییان دابەش دەكرێت، دوای هاتنی قەیرانەكان راگیرابوو، لە مانگەكانی كۆتایی ساڵی خوێندنی پار حكومەت بڕیاری دەست پێكردنەوەی دابەشكردنی دەرماڵەی قوتابییانی جێبەجێ كرد”.
شۆڕش گووتیشی” ئەمساڵیش ئەم دەرماڵەیە بەردەوام دەبێت و هیچ گۆڕانكارییەك لەو بڕە پارەیە ناكرێت، هیچ دەنگۆیەك نییە جارێكی تر دەرماڵە ڕابگیرێت، ئەوەش جێی دڵخۆشی قوتابییانە، بە تایبەت ئەوانەی لە بەشە ناوخۆیییەكان دەمێننەوە”.