هێلین یاسین هەمزە
قوتابی بەشی مێژوو ـ قۆناغی چوارەم
زانکۆی سۆران
جەنگی سارد، بە پلەی یەکەم ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی سیاسیە، بە پلەی دووەم ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی ئایدۆلۆجیە و هەندێ کات شەڕی سەربازیە لەنێوان دوو سەربازگەی جیاوازدا، جەنگی سارد لە ساڵی ١٩٤٥ سەری هەڵدا کە یەکێکە لە ڕووداوە مێژووییە گرنگەکان، لەم جەنگەدا جیهان دابەش بوو بەسەر دوو جەمسەردا، جەمسەری ڕۆژهەڵات کە یەکێتی سۆڤیەت بوو، جەمسەری ڕۆژئاوا کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکرد. کە ئەم جەنگە کەم و زۆر کاریگەری لەسەر زۆربەی وڵاتانی جیهان جێهێشت. هەروەها هەرچی سەبارەت بە کوردستانی باشوریشە بەدەر نەبوون لە کاریگەریەکانی ئەم جەنگە، بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلوول لەساڵی (١٩٦١-١٩٧٥)، هەریەک لەم دوو وڵاتە لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیان، هەوڵیان دەدا خۆیان لەسەرکردەکانی ئەم شۆڕشە و بەتایبەت مەلا مستەفا نزیک بکەنەوە، هەریەکەیان بەشێوەی جیاواز یارمەتی شۆڕشیان دەدا بۆ ئەوەی لە دژی حکومەتی عێراق بەکاری بهێنن، بەڵام هەندێجار پێچەوانەی ئەمە ئەم دوو زلهێزە یارمەتی حکومەتی عێراقیان دەدا لەدژی شۆڕشی ئەیلوول، ئەم بارودۆخە هەروا مایەوە تاکو بەستنی ڕێکەوتننامەی جەزائیر لەساڵی (١٩٧٥) لەنێوان صەدام حسێن و شای ئێران کە بووە هۆی هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلوول.
دوای تێکچوونی پەیوەندیەکانی نێوان مەلا مستەفا بارزانی و عبدالکریم قاسم لە ١١ ئەیلوولی ١٩٦١ ئەم شۆڕشە هەڵگیرسا، ئەمریکا پرسی کوردی وەک پرسێکی تەواو ناوخۆیی عێراقی دەبینی و نەیدەتوانی هیچ ڕۆڵێکی خۆی تێیدا بگێڕێت، بەڵام دواتر سۆڤیەت دەستپێشخەریان کرد لە دانانی ڕادیۆیەکی نهێنیدا و تێیدا ئەوە پەخشکرا کە داوا لە کوردان کرا پاڵ بدەنە پاڵ کۆمۆنیستەکان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕژێمی نوێ کە بەعسیەکان بوون، وە پشتگیری داواکانی کوردیان دەکرد بۆ بەدیهێنانی ئۆتۆنۆمیێکی تەواوی هەرێمی. بۆ ئەمریکیەکان ئەمە گرێکوێرەیەک بوو چونکە شکستیان هێنا لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ کێشەی کورد، لەبەر ئەوەی ئەم کێشەیە تەنها بە قازانجی سۆڤیەت و کۆمۆنیستەکانی عێراق بوو. بۆیە کاتێک شەڕ لەنێوان کوردەکان و حکومەتی بەعس دەستیپێکرد هەرچەندە پشتگیری سۆڤیەت بۆ کوردەکان زیادی دەکرد، ئەمریکاو هەروەها بەریتانیاش پاڵپشتی خۆیان بۆ عێراق زیاتر دەکرد. بەڵام دواتر لەژێر فشاری وڵاتانی عەرەبی یەکێتی سۆڤیەت لە پاڵپشتی کردنی کورد پاشگەزبوویەوە. بۆیە بەدەستێوەردانی هەردوو زلهێزەکە بەمە شەڕی کورد لە شەڕێکی ناوخۆیی خۆجێییەوە گوازرایەوە بۆ بەرەیەکی نوێی جەنگی سارد. لەدوای ڕێکەوتنی ١١ ئازاری ١٩٧٠ لەنێوان حکومەتی بەعس و مەلا مستەفا کە چەندین مافی بۆ کورد دەستەبەر دەکرد لەسەرووی هەمووشیانەوە پێدانی مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردان بوو، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەکی دژایەتی کراو پەیمانەکە جێبەجێ نەکرا، لە بەرامبەردا یاسای ١١ ئازاری ١٩٧٤ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ڕاگەیەندرا کە تێیدا دەستبەرداری ژمارەیەکی زۆر لە بەندەکانی ڕێککەوتنامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ بوو، هەروەها چەندین ناکۆکی تر دووبارە شەڕ دەستیپێکردەوە لەنێوان شۆڕشگێران و حزبی بەعس. بۆیە لەدواتردا کە حکومەتی عێراق نەیتوانی بەتەنها شۆڕشەکە کپ بکاتەوە بۆیە ئەمجارە پەنای بردە بەر گەلەکۆمەکی نێودەوڵەتی دژ بە شۆڕش، هەوڵیدا ئەم مەسەلەیە بەنێودەوڵەتی بکات و یارمەتیەکانی شۆڕش ببڕێت، کە ئێران ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لەمەدا، چونکە هاوکاری یەکەمی شۆڕشەکە بوو. لەسەر ئاستی دەرەکیش یەکێتی سۆڤیەت هەموو جۆرە چەکێکی پێشکەوتووی خستە بەردەم حکومەتی عێراقی بۆ بەکارهێنانی دژی کورد. چونکە لەم ماوەیەدا بە کردارەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتگیری شۆڕشی کوردیان دەکرد لەڕێگەی شای ئێرانەوە. بۆیە ئەوەی مابوویەوە تەنها بریتی بوو لە مۆرکردنی ڕێکەوتنی نێوان عێراق و شای ئێران، بەنێودەوڵەتی کردن و ڕاگەیاندنی بەشێوەیەکی فەرمی و خستنە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئەوەبوو لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی (ئۆپێک) لە جەزائیر بەسترا لە کۆشکی (القباب) لە پاشکۆی کۆبوونەوەی ئۆپێک ڕێککەوتننامەی جەزائیر لەنێوان صدام حسێن و محەمەد ڕەزا شای ئێران واژۆکرا. کە ئامانج لێی بڕینی هەموو هاوکاریەکانی شۆڕش بوو، وە شای ئێران کاتێک گەڕایەوە ئێران هەموو هاوکاریەکی شۆڕشی بڕی. بەمجۆرە شۆڕشی ئەیلوول بەتەوای شکستی هێنا و مەلا مستەفا بارزانی بەرەو ئێران ڕۆشت.
بۆیە دەتوانین بڵێین یەکێک لە هۆکارەکانی شکستی شۆڕشی ئەیلوول لە ئەنجامی سیاسەتی هەردوو زلهێز بوو بەرامبەر شۆڕشی ئەیلول، لە ئەنجامی دژایەتی کردنی دوو زلهێز و بەکارهێنانی کوردەکان لەدژی یەکتری، هەروەها شۆڕشەکە کە شۆڕشیکی نەتەوەیی بوو، هەریەکە لە تورکیا و ئێران و سوریا ترسیان لەم شۆڕشە هەبوو، چونکە نەیاندەویست کوردەکانی ژێر دەستی ئەوان هۆشیار ببنەوە و داوای مافەکانی خۆیان بکەن، هەروەها ئەم شۆڕشە بووە هۆی ئەوەی دوژمنێکی لەمێژینە لەسەر میرات و شان و شەوکەتی میللەتێکی ستەمدیدە بوون بە دۆست و دوژمنایەتی لەمێژینەیان لەگۆڕنا.