زاری كرمانجی – تەندروستی:
پزیشكێك دەڵێت” وەرزشكردن ئەو چالاكییە جەستەییانەیە كە مرۆڤ ئەنجامی دەدات بۆ تەندروستی، لەشجوانی و كات بەسەربردنێكی گونجاو، هەروەها چەندجارەی وەك یەكی مەبەستدارە كە لێدانی دڵ خێرا و هەناسە سوار دەكات، پێویستە ئەوەش بزانرێت كە كاری ناوماڵ یان كاری رۆژانە تەنها چالاكییە نەك وەرزش.
د. خاڵس قادر، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و راهێنەری توان عەقڵییەكان، دەڵێت” پێش ئەنجامدانی وەرزش پێویستە، جەستە دەبێ تێر ئاو بێت، خۆراكی پێویستی وەرگرتبێت و بەشێوازێكی شارەزایی ئەنجام بدرێت وا باشترە لە ژێر چاودێری راهێنەری شارەزا بێت، وەرزش وەك دەرمانە بۆ هەر كەسێك جۆرێك و دۆزێك و ژەمی دیاریكراوی پێویستە كە بەپێی تەمەن، رەگەز، تەندروستی و ناتەندروستی كەسەكان دەگۆرێت، هەروەها دوو جۆر وەرزشی سەرەكی هەن لەوانەش، یەكەمیان وەرزشی سوك یان هەوایی (كاردیۆ) وەك رۆشتنی خێرا، راكردن، مەلەوانی و پایسكل سواری، كە تێدا لەسەرخۆ لێدانی دڵ خێرا و هەناسەش سوار دەبێ، دووەمیشیان وەرزشی قورس یان هەوایی، هەر وەرزشێك یان جولەیەك كە خێرا ماندوو و هەناسە تەنگ دەكات و لێدانی دڵ خێرا دەكات وەك یاری ئاسن، یان هەر وەرزشێك كە بەقورسی و خێرایی زۆر ئەنجامبدرێت .
ئەم پزیشكە دەشڵێت” پێویستە ئەوانەی وەرزش دەكەن بزانن چۆن و چەند راهێنان بكەن، بۆ نموونە كەسێكی لەش ساغ بۆ بەردەوامیدان بە تەندروستی پێویستە لانی كەم رۆژانە نیوكاتژمێر لە هەفتەیەك پێنج رۆژ وەرزش بكات، واتە هەفتەی 150 خولەك دوو كاتژمێر و نیو لە هەفتەیەكدا، هەروەها ئەوانەی كە نەخۆشن واتە نەخۆشییە درێژخایەنەكان یاخود قەڵەوی، پێویستە بەگوێرەی ئامۆژگاری پزیشكەكەی وەرزش بكات، وەزشی قورس یان ئاسنیش بۆ كەسی لەش ساغ و تەندروست بۆ مەبەستی لەشجوانی، ریگا تەندروستییەكەی ئەوەیە كە هەفتانە لە 3 بۆ 4 رۆژ وەرزشی قورس بكات، هەر رۆژەی 30 بۆ 45 خولەك، بەهیچ جۆرێك یاری قورس لە یەك كاتژمێر زیاتر ئەنجامی نەدەن چونكە لەو حاڵەتەدا كاریگەری پێچەوانەی دەبێ و دەبێتە هۆی دروستكردنی سترێس لەسەر جەستە و دەردانی هۆڕمۆنی سترێس كە دەبێتە هۆی كۆكردنەوەی چەوری زیاتر لەبری سووتاندنی چەوری، هەروها كەمكردنەوەی ئەو هۆڕمۆنانەی بۆ گەورەبوونی ماسوولكە پێویستن .
د. خاڵس قادر، ئاشكراشی كرد” خواردنەكەت رێك بخە بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو، بەبێ رجیمكردن و تەنها بە وەرزشكردن ناتوانی بە ئامانجت بگەیت، شەكر، چەوری و دانەوێڵەكانی وەك نان، سەموون و كێك زۆر كەم بكەوە، هیچ خواردنەوەیەك مەخۆرەوە وەك بیبسی، وزە بەخشەكان و كحولەكان، جگە لە ئاو لەگەڵ شیری بێ چەوری یان كەم چەوری و قاوەی سادە بێ شەكر، ئەو خۆراكانە زیاتر بخۆ كە بریتین لە خواردنە پڕۆتینیەكان وەك سنگی مریشك و ماسی، لەگەڵ سەوزە، میوە و چەرەزات، ئاو زۆر بخۆرەوە بە لانی كەم 8 بۆ 10 پەرداخ، بۆ ئەوانەی وەرزشی قورس دەكەن خەو زۆر گرنگە پێویستە لە 8 كاتژمێر كەمتر نەخەون، وا باشە ئەگەریش نەكرا 8 كاتژمێر بخەون وەرزشەكە نەكەن یان راهێنانەكان دوابخرێت، چونكە بازنەی وەرزشی قورس خواردنی تەندروست، وەرزش و خەوتنن، هەروەها نهێنی سەركەوتنی وەرزش لە پشوودرێژی و بەردەوامیە، چاوەڕێ مەبە بە رۆژێك و هەفتەیەك و مانگێك كارەكە تەواو بێت دەبێت بەردەوام بیت بۆ ئەو ئەنجامەی كە دەتەوێت،
سەبارەت بە دەرمانەكانیش، ئەم پزیشكە ئاگاداری وەرزشوانان دەكات و دەڵێت” هیچ جۆرە دەرمان و دەرزی هۆڕمۆنات و وزە بەخشێك بەكارمەهێنە، جگە لە زیان گەیاندن و وێرانكردنی تەندروستی و جەستەت هیچی تری لێ بەرهەم ناهێت، ئەنجامەكانی تەنها كاتیە و دوای ئەوە دەپوكێتەوە و كۆمەڵێك زیانی تەندروستی دوای خۆی جێ دێڵێت كە بەوازهێنانیش لەو دەرمانانە چاكنابێتەوە و وەك خۆی لێ ناهێتەوە، بڵاوترین كاریگەرە خراپەكانی بەكارهێنانی دەرزی هۆڕمۆنات، نەخۆشییەكانی جگەر و پەككەوتنی جگەر، نەخۆشی شەكرە لاوازی سێكسی لێ دەكەونەوە.