زاری كرمانجی – چۆمان:
هاووڵاتییەكی دانیشتووی قەزای چۆمانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ نەهێشتنی جەنجاڵی لە نێو بازاڕی شارەكەیان، بیرۆكەی دروست كردنی بەرزە پرد پێشكەشی شارەوانی چۆمان دەكات.
فەرهاد قەسری، داواكارییەك ئاراستەی سەرۆكایەتی شارەوانی چۆمان دەكات و دەڵێ:” قەزای چۆمان رۆژ بە رۆژ لە گەشە كردن و زۆربوونی دانیشتووان دایە، بە هۆی ئەوەی رێگای هامڵتۆنی بەناودا رەت دەبێ و رێگای بازرگانی حاجی ئۆمەرانی لە سەرە، زۆرجار جەنجاڵی زۆر بۆ شوفێرانی بار هەڵگرەكان دروست دەبێ، بە تایبەت لە بۆنەكان و جەژنەكان دا، ئەمەش هەم جوڵەی بازرگانی پەك دەخات هەمیش شار قەرەباڵغ دەبێت.
ئاماژەشی بەوەدا:” نازانم پێشتر ئەم پێشنیارە كراوە یان نا، بۆیە پێشنیار دەكەم لە داهاتوودا پڕۆژەیەك بخەنە بەردەم حكوومەت بەرزە پردێك بە درێژایی بازاڕی چۆمان لە پردی شین تاكو پێش قایمقامیەت، بەمەش هاتووچۆی بارهەڵگرەكان ئاسانتر و خێراتر دەبێ و ژێری پردەكەش سوودی زۆری دەبێ بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغی و هەروەها شێوەیەكی زۆر جوان بە شار و بازاریش دەبەخشێت”.