زاری کرمانجی – سۆران :
بەپێی کۆتا سەرژمێریی ئاوارەکانی نێو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان، 36 هەزار خێزانی ئاوارە هەن.
لەم بارەیەوە عەلی عەباس بەڕێوەبەری لقەکانی سەر بە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕاگەیاند، ژمارەی کەمپی ئاوەرەکان لە هەرێمی کوردستان ٢٦ کەمپە و ١٦ کەمپیان لە دهۆکە و شەش کەمپیان لە هەولێرە و چوار کەمپیان لە سلێمانییە.
لەبارەی ژمارەی ئەو ئاوارانەی کە تا ئێستا لەو کەمپانەدا ماون، هەر وەکوو بەڕێوەبەری لقەکانی سەر بە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هێمای بۆ دەکات، ٣٦ هەزار خێزانن و زۆربەیان خەڵکی قەزای شەنگال و پارێزگای ئەنبار و سەڵاحەدین و دیالەن.
ئەگەرچی لە ماوەی ڕابردوو وا بڵاو کرایەوە کە دۆسیەی ئاوارەکان لە ماوەی شەش مانگ دادەخرێت و تەواوی ئاوارەکان دەگەڕێنرێنەوە ناوچەکانیان خۆیان، بەڵام هەر وەکوو باس دەکرێت ڕۆژانە ژمارەیەکی کەم لە ئاوارەکان دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و بەشێک لە ئاوارەکانیش سستی پرۆسەی گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان دەخەنە ئەستۆی لایەنی عێراقی و پێیان وایە کە تا ئێستا ناوچەکانیان لە ڕووی سیاسی و ئەمنیی یەوە نائارامە.

































































