زاری كرمانجی- سۆران
نەخۆشخانەی ئاشتی هەمیشە زۆرترین جەنجاڵی تێدایە و خەڵكێكی زۆر بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر سەردانی دەكەن، بەڵام زۆربەی جاریش هاووڵاتییان گلەیەكی زۆری لێدەكەن.
رەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” پەستانێكی زۆر لەسەر نەخۆشخانەی ئاشتی هەیە، تەنانەت لە بنكەكانیش زۆربەی زۆری حاڵەتەكان رەوانە بۆ ئەم نەخۆشخانەیە رەوانە دەكرێت، جاری واش هەیە هەندێك كەس نەخۆشییەكی وایان نییە بەڵام هەر سەردانی دەكەن و زیاتر جەنجاڵی دروست دەكەن، بەڵام گلەیكان هەر بەردەوامن و پێمان دەگەن، ماوەیەك بەر لە ئێستاش چەند گلەیەكمان پێگەیشتوون، بەراستی ئێمە دەمانەوێت ئەم گلەییانە نەمێنن.
قایمقامی سۆران، ئاشكراشی كرد:” بەدواداچوونەكانمان بەردەوامن، دەبێ گرنگی بە دەوامەكەش بدرێت و چاودێری زیاتریان لەسەر بێت، چونكە ناكرێت نەخۆشخانەیەك پزیشكی پێویستی تێدا نەبێت یاخود پابەند نەبێت بە رێنماییەكانی دەوام، هاووڵاتییانیش مافی خۆیانە گلەی بكەن.
گووتیشی” ئێمە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران، كار لەسەر ئەم بابەتە دەكەین، بۆ ئەوەی چیتر ئەم گلەییانە نەمێنن، تایبەت لەڕووی دەوام كردن و داودەرمانەكانەوە، چونكە هەندێك دەرمانی سەرەكی هەن كە پێویستە دابین بكرێن، ماوەیەكیشە هەندێك داودەرمانی پێویست كە دەبێ لە بەغدا هاوردە كرابان، بەشێك لە دەرمانەكان كە نەمابوون، دوای نوێ بوونەوەی ساڵ لە سەرەتای مانگەكان خەلەل دروست دەبێ هەتا بوددجە دابین دەكرێت كەمەك كاتی دەوێت.































































