زاری كرمانجی – سۆران :
زانكۆی سۆران لە پێشكەوتنی بەردەوامدایە و بەگوێرەی ڕیزبەندییە متمانە پێكراوەكان بۆ زانكۆكانی جیهان و عێراق و هەرێمی كوردستان، زانكۆی سۆران پێشكەوتنی بەرچاوی بە دەست هێناوە و لە سەر ئاستی زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان لە پلەی دووەمدایە.
سەرۆكایەتی زانكۆی سۆران بڵاوی كردەوە ” ڕیزبەندییەكە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ و لەلایەن دامەزراوەی وێبۆمەتریسكەوە ڕاگەیندراوە كە بریتییە لە ڤێرژنی ئەپدەیتكراوەی ڕاگەیاندنی پێشووی مانگی تەممووز.
لە ئەپدەیتی ڕاگەیەنراوی ساڵی ٢٠٢٢ بۆ ڕیزبەندیی زانكۆكان، دامەزراوەی وێبۆمەتریكس، ڕیزبەندیی زانكۆكانی نوێ كردەوە. ئەم ڕیزبەندییە پشت ئەستوورە بە نوێتریی ئەو داتا و زانیارییانەی كە دامەزراوەكە سەبارەت بە زانكۆكانی هەرێم، عێراق و جیهان كۆی كردووەتەوە. زانكۆی سۆران توانیویەتی لە سەر ئاستی زانكۆ حكومییەكانی هەرێم لە پلەی سێیەمەوە بگوازێتەوە بۆ پلەی دووەم و پێش زانكۆی سەڵاحەدین-هەولێر بكەوێت. لە ڕیزبەندییەكەدا، تەنیا زانكۆی سلێمانی، كە زانكۆیەكی دێرین و فراوانە، ئەویش بە ڕێژەیەكی كەم، لە پێش زانكۆی سۆرانەوەیە. لە سەر ئاستی هەموو عێراقیش ڕیزبەندییەكە ١٢٢ زانكۆی لە خۆ گرتووە، زانكۆی دیالە یەكەم و زانكۆی سۆرانیش پازدەیەمە كە بەراورد بە ڕیزبەندیی پێشوو سێ پلە پێشكەوتووە.
وێبۆمەتریكس دامەزراوەیەكی باوەڕپێكراوی نێودەوڵەتییە كە ڕیزبەندیی بۆ زانكۆكانی جیهان دەكات و لە سەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانی پلەبەندییان دەكات. زانكۆی سۆران لە ماوەی تەمەنی كەمیدا توانیویەتی پێگەیەكی بەرز و دیار لە ناو ڕیزبەندییە جیهانییەكانی زانكۆكاندا داگیر بكات.