زاری كرمانجی – سۆران :
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بوونی ماددەی خۆراكی نەشیاو لە نێو كۆگاكانی وەزارەتی بازرگانی عێراق. وەزارەتی ناوبراو لە راگەیاندراێكدا ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە و رایگەیاند ئەو ئامێرانەی ماددە خۆراكییەكانیان پێ دەپشكندرێن، لە باشترین جۆرەكانن و خاونی بڕوانامەی جیهانیی ئایزۆن و هاووڵاتییانیش دەتوانن سەردانی كۆگاكان بكەن تا لە نزیكەوە بە چاوی خۆیان جۆری نوێی ماددە خۆراكییەكانیان ببینن.
وەزارەتی بازرگانی عێراق ئەو هەواڵانەی رەتكردەوە كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی و بەشێك لە میدیاكان سەبارەت بە بوونی هەندێك ماددەی خۆراكی بڵاوكرابووەو دووپاتیكردەوە كە سەرجەم ماددە خۆراكییەكان پشكنینیان بۆ كراوە و تەندروستن بۆ خواردن.
دوێنی هەینی 5ـی ئایاری 2023، محەممەد حەنون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، هیچ كێشەیەك لە ماددە خۆراكییەكاندا نییە و دڵنیاییشیدا، لەوەی بڕی پێویستی خۆراك لە كۆگاكانیان هەیە و گوتیشی: “وەزارەتی بازرگانی حكومەتی عێراق جەختیكردووەتەوە لەسەر دەستەبەركردنی پێویستیی خۆراك بۆ هاووڵاتیان بەردەوام دەبێت و ئێستا كۆگاكانیان لە سەرجەم پارێزگاكان جۆری نوێی ماددە خۆراكییەكانیان تێدایە،”
حەنون باس لەوەش دەكات :”ئەوەی لەبارەی نەشیاوی ماددە خۆراكییەكان باسدەكرێت، تەنیا قسەیە و جێگەی متمانە نییە، كەرستە خۆراكییەكان پشكنینی كوالێتی كۆنتڕۆڵیان بۆ دەكرێت.”