سەردار قازی – ڕواندز:
20 ساڵە پیشەی مامۆستایە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەی ڕواندز وانە دەڵێتەوە.
جەبار موسا، مامۆستایە لە قوتابخانەی بێجانی کوڕان، لە ڕۆژانی ڕابردوو ماڵەکەی خۆی لەدوای تەواوبوونی دەوامی ئاسایی کردبووییە پەناگەیەک بۆ دەوڵەمەندکردنی زانیارییەکانی قوتابییانی.
جەبار مامۆستای وانەی بیرکارییە، وانەی پۆلی چوارەم و شەشەمی سەرەتایی دەڵێتەوە، لە قوتابخانە بە قوتابییەکانی گوتووە” دەرگای ماڵەکەم واڵایە، هەر دەمێک ویستان وانەکانتان بۆ دووبارە بکەمەوە، سەردانم بکەن”
پرسیارم لەو مامۆستایە کرد دەربارەی نیشاندانی ئەو هەڵوێستەی، پێی گووتم: “وا هەستم کردووە ئەمە ئەرکی سەرشانی هەر تاکێکی کۆمەڵگەیە، کە جوهد لە پێناو گیانی هاوکاری و یارمەتیدانی دەوروبەرمان بدەین.”
جەبار دەشڵێت: “با ڕەزیلی بە مهنەوە نەکەین، چی دەبێت گەر لە دەرەوەی ئەرکی خۆمان خزمەتی نەوەکانی داهاتووی وڵات بکەین.”
هەڵوێستێکی جوامێرانەی جەبار موسا، بووەتە مایەی کاردانەوە لەنێو سۆشیاڵ میدیا، دەنگدانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو زیاتر لە 20 قوتابی چوونەتە ماڵەکەی بۆ ئەوەی وانەکانیان بۆ دووبارە بکاتەوە.

































































