نووسینی : كرێكار قادر ڕوستایی
بەشی یەكەم
جادووگەری چییە؟
جادووگەری: بریتییە لە درۆ و شێواندنی حەقیقەت بە شتگەلێك كە بنەمایان نییە، لەسەردەمی نەفامیدا پیشەی كەسانێك بوو كە شەیتانەكان پەیوەندیان پێوە دەكردن و گوێیان هەڵدەخست لەئاسمان و قسەیەكیان دەدزی و دەیانگەیاند بە ئەمان، پاشان ئەمانیش ئەو وشەیەی كە شەیتانەكان بۆیانیان دەهێنا هەرچیان بویستایە دەیانخستە سەری و بۆیان زیاد دەكرد و بە خەڵكیان دەوتەوە، جا ئەگەر شتێك لەو قسانە ڕاست دەرچووایە ئەوا خەڵكی هەڵدەخەڵەتا پێیان و دەیانكردە سەرچاوە و كەسانی گوێ بۆگیراو لەنێوان خۆیاندا، متمانە بە قسە و پێشبینیەكانیان دەكرا بۆ ئایندە، بۆیە دەڵێین: جادووگەر ئەو كەسەیە كە هەواڵی غەیبی دەدات بۆ ئایندە.
لە ئەمڕۆدا، خەڵكێكی زۆر بەنەزانی و نەشارەزایی و دوور لەبیروباوەڕی ڕاستەقینەی خۆیان، تووشی هەڵدێر دەبن، پەنا بۆ نوشتە و دوعا و سیحر و جادوو دەبن و دەچنە لای ئەو كەسانەی لەژێر پەردەی مەلا و شێخی ڕۆحانی و ڕاقی شەرعی، كار دەكەن، داوای دوعا و نوشتەیان لێ دەكەن، كەچی لەئەسڵدا زۆربەیان كاری سیحرو جادوو و نوشتە دەكەن بە پارە و بازرگانی دەكەن بەوناوەوە، زۆرجار دەبینین لەڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا كە چۆن بۆ پارە پەیدا كردن، ڕیكلام دەكەن بۆ خۆیان بەئاشكرا و ڕۆژی ڕووناك. خەڵك هەیە دەچنە لایان و باوەڕیان پێ دەكەن هەر بەڕێگەی تەلەفۆن و ئۆنڵاینی كاری سیحر و جادوو و نوشتە دەكەن، خەڵكێكی زۆر ئێستا بۆتە قوربانی دەستی ئەو جۆرە سیحرو جادوگەرانە، تێكچوونە لەڕووی ڕۆحی و دەروونی و جەستەییش، كە زۆربەیان لەژێر پەردەی ملا و مامۆستا، سەید، شێخ، روقیەی شەرعی كاری سیحر و جادو و كار بەجنۆكە دەكەن، وە ژیانی خێزانی و ماڵی خەڵكی وێران دەكەن و تێكی دەدەن.
بۆیە كاتی هاتووە، حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار، بەتایبەت دەزگا ئەمنیەكان كۆنتڕۆڵی، ئەو كەسانە بكەن كە لەژێر ناوی ملا، مامۆستا، سەید، شێخ، روقیەی شەرعی، ڕیكلام بۆ سیحر و جادوو و نوشتە دەكەن لەڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی، پێویستە دەستگیر بكرێن و سزا بدرێن.
لەكۆتایدا داوا دەكەم: وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، چیتر ڕێگە نەدات هەر مامۆستایەكی ئایینی هەڵدەستێ دوعا و نوشتە دەكات و روقییەی شەرعی دەخوێنێ و شوێنێك دەكاتەوە و دەرمان و چارەسەر بۆ خەڵكی بۆ دادەنێ، پارەشی لەسەر وەردەگرێت و زۆر جار گوێمان لێدەبێت دەڵێن هەندێك لەمامۆستایانی ئاینی كار بە جنۆكە و سیحرو جادوو دەكەن، بۆیە كاتی هاتووە سنورێك بۆ ئەو بەناو ملا و مامۆستا و شێخ ….هتد دابنێنن و قەدەغەیان بكەن، لەو كارە بێ شەرعی و قێزەونانە، كە تەنها پارە بەو ناوە كۆدەكەنەوە، جۆرێكە لەبازرگانیكردن و فێڵكردن، قۆڵی خەڵكی نەشارەزا دەبڕن.