سیامەند ڕەشید حەسەن
قۆناغی سێیەمی بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی سۆران
لە دوای ئەوەی کە لە ١٠ ئابی ١٩٢٠پەیمانی سیڤەر بەسترا لە نێوان هاوپەیمانان و دەوڵەتی عوسمانی کە سێ بەندی پەیمانەکە تایبەت بوون بە کورد ئەوانیش بەندی (٦٢، ٦٣، ٦٤) بەڵام بە هۆی کەمتەرخەمی و ناکۆکی نێوان کوردەکان نەیان توانی سود لە و بەندانە وەربگرن کە تایبەت بوون بە کورد و دواتر بڕیار درا کە لە جیاتی پەیمانی سیڤەر پەیمانێکی تر ببەسترێ تورکەکان هەموو توانای خۆیان تەرخان کرد بۆ ئەوی ئەو پەیمانە تازەیە ناوەرۆک و مادەکانی دووربن لە مادەکانی پەیمانی سیڤەر و هێچ باسی کوردەکان نەکرێ تیایدا کە ئەو پەیمانەش بریتی بوو لە پەیمانی لۆزان کە لە ٢٤ تەمووزی ١٩٢٣ لە شاری لۆزان بەسترا.
ئەو هەوڵانەی کە تورکەکان دایان بۆ ئەوی لە بەندەکانی پەیمانی لۆزان باس لە کوردەکان نەکرێ سەرکەوتووبوون چونکە باروودۆخی دەوڵەتە هاوپەیمانەکان بەرامبەر تورکەکان بەتەواوەتی گۆڕابوو ئینگلیزی کەڵەگای کۆبونەوەکانی لۆزان لە ژێرەوە لەگەڵ کەمالیەکان ڕێکەوتبوو کە لەو پەیمانە باس لە کورد نەکرێت لە بەرامبەردا کەمالیەکان واز لە داواکردنی ویلایەتی موسڵ بێنن و ئەو دۆستایەتیەی لەگەل سۆڤیەت هەیان بوو پاشگەز ببنەوە لێی، وە کەمالیەکانیش ئەوەیان مسۆگەر کردبوو کە ئینگلیزەکان بە هیچ شێوەیەک گرنگی بە کورد نادات و هەروەها ئینگلیزەکان بەڵێنی ئەوەیان بە کەمالیەکان دابوو بەشێوەیەکی رەسمی دان بە حکومەتی تورکیادا ئەنێت.
لە نامەیەکی (سیر هارۆلد رمبولد) مەندوبی سامی بەریتانی لە رۆژی ٢/٣/١٩٢١ دا ناردویەتی بۆ وەزیری دەرەوی بەریتانیا وتویەتی: (ئەو کوردانەی کراون بە ئەندامی ئەنجومەنی میللی تورک لە ئەنقەرە کە وا خۆیان پێشان دەدەن نوێنەری کوردن، لەڕاستیدا هیچ توانا و دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان نیە بەناوی نوێنەری کوردەوە قسەبکەن).
لە کاتێکدا کە لە لۆزان نوێنەرانی هاوپەیمانەکان و دەوڵەتەکانی تر خەریکی گفتوگۆبوون دەربارەی ئەو ڕەشنوسەی ئامادەکرابوو لە مادەیەک پێویستی بەوە هەبوو کە بیروبۆچوونی کوردەکان دەربارەی وەربگرن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کە (لۆرد کرزن) بوو سەرە ڕای ئەوەی نامەی (سیر هارۆلد رمبود)ی پێگەیشتبوو و سور دەیان زانی ئەوانە هاوکرای کەمالیەکانن نەک نوێنەری کورد داواکرا بیروبۆچوونی ئەو کوردانەی کە نوێنەر و هاوکاری کەمالیەکان بوون وەربگیرێت کە خۆشی باش دەیزانی ئەوانە نوێنەری کورد نین بەڵام بۆیە کارێکی وایکرد تا مەبەستی کەمالیەکان سەر بگرێت، بیروبۆچوونی نوێنەرانی ڕاستی کورد بخرێتە لاوە، هەروەها کورد لەو رۆژانەدا هیچ کۆمەڵ و ڕێکخراوێکی یەکگرتووی نەبووە کە بە ناوی کوردەوە خواستەکانی میللەتی کورد بخاتە پێش چاو و ئەو کارانەی کە لە دوایدا کرانش وەک ناردنی نامە و سکاڵا بۆ کۆمەڵەی گەلان بێسوود بوون چونکە تازە کار لە کار ترازابوو، لە لایەکی تریش وەک باسمان کرد ئینگلیزەکان لەگەل کەمالیە تورکەکان لەسەر هەموو شتێک ڕێککەتبوون.
پڕۆفیسۆر (حەسرەتیان) لە کتێبەکەیدا وتوویەتی: کاتێک لە لۆزانەوە تەلگراف نێردرا بۆ ئەنجومەنی میللی تورک بۆ ئەوی بیروبۆچوونی کوردەکانی ئەو ئەنجومەنە وەربگیرێت دەربارەی ئەوەی ئایا ئەو کوردانە دەیانەوەێ کورد لە تورکیا جیابێتەوە، مستەفا کەمال کۆبونەوەیەکی سازکرد لەگەڵ ئەنجومەنەکان و داوای لە کوردەکان کرد خۆیان وەڵامی تەلەگرافەکە بدەنەوە لە ئەنجامدا (حسێن عەونی بەگ) نوێنەری ئەرزەڕۆم وتویەتی: ئەم وڵاتە هی کورد و تورکە تەنها هەر ئەوان لەسەر شانۆی ئەم ئەنجومەنە مافی قسەکردنیان هەیە و نوێنەران و نائیبانی (پالو، وان، دەرسیم، ئورفە، بەدلیس، مەلاتیە، دیاربەکر) هەموویان لایەنگری قسەکانی حسێن عەونیان کرد.
پرۆفیسۆر (حەسرەتیان) دەلێت: (ئەو نائیبانە لەناو ئەنجومەندا جار و بار باسی مافی کوردیان دەکرد، بەڵام ئەو قسانە لە جێی خۆیاندا نەکرا چونکە لەو تەلەگرافەی بۆ لۆزانیان ناردبوو هیچ باسی مافی کوردیان نەکردبوو، تەنها وتبوویان کوردەکانی ئەندامی ئەنجومەنی میللی نایانەوێ لە تورکیا جیاببنەوە). حەسرەتیان دەڵێ: (بەم شێوەیە لە لۆزان دا نەک تەنها باسی سەربەخۆی کورد نەکرا، بەڵکو بە هیچ جۆرێک لەو ماوەیەدا وشەی کورد لە دوکیومێنتەکەدا نەهات).
(قەدری جەمیل بەگ) لە کتێبەکەیدا دەربارەی ئەوەی لە
لۆزان ڕێگە نەدرا بە نوێنەری ڕاستی کورد بۆ ئەوەی باسی کورد بکات و مافی کورد بخاتە پێش چاو، عیسمەت ئینۆنۆ دوو کوردی ناو ئەنجومەنی تورکی کە بریتیبوون لە (فەوزی بەگ- نوێنەری دیاربەکر)و (زلفی بەگ- ئەندامی ئەنجومەن) هەردوکیانی لەگەڵ خۆیدا برد بۆ کۆبونەوەی لۆزان و لەوێ وتبویان ئێمە و تورک براین و هیچ جیاوازیەک لە نێوانماندا نیە و نامانەوێ لە یەکتری جیابینەوە.
ئەگەر سەیری ئەو ڕوداوانە بکەین دەبینی کە کورد لەلایەن تورکە کەمالیەکانەوە هەڵخەلەتێندراون و بەو بەڵێنە درۆیانەی کە بۆ کوردیان دوبارە دەکردەوە و پێیان دەگوت لەدوای سەرکەوتن بەسەر داگیرکەرانی وڵاتدا حساب بۆ مافی کوردیش دەکەن، بەڵام ئەگەر کورد تۆزێک لێکدانەوە و وردبینی لە ڕەفتاری تورکەکاندا کردبایە دەبوایە کوردەکان بیانزانیە کە ناوەڕۆکی بڕیارەکانی کۆنگرەی ئەرزەڕۆم و سێواس تەنها بۆ ئەوە بووە کە کوردستان وەکو داگیرکراوێکی خۆیان حسبای بۆ بکەن و دەمێک بوو تورکەکان پلانی توانەوەی کوردیان کێشابوو، کاتێک ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە لە مەبەستەکانی تورک تێگەیشتن هەستان بە سازدانی چەندین شۆڕش وەک شۆرشی (پیران، ئاگریداغ، دەرسیم)هتد….. بەڵام کاتەکەی زۆر درەنگ بوو چونکە تورک ببووە خاوەنی هەموو جۆرە چەکێک لەو شۆڕشانە کوردەکان لە ماڵوێرانی و ئاوارەی و دەربەدەری هیچی تری بۆ نەمایەوە، تورکەکانیش کە بە پێی یاسای ژمارە (٨٨) دەستورێکی هەمیشەیان بۆ تورکیا دانا و لە ژێر سایەی ئەو دەستوورە دەیان بڕیار و یاسای تریان دەرکرد کە هەمووی بۆ لەناو بردنی کورد بوو.