زاری كرمانجی- سۆران:
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، کێشەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام وەکو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەوڵیان داوە کێشەکان چارەسەر بکەن و ببنە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان. دەشڵێت، بەغدا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵە دەکات کە لە بەشی زۆری حیزبەکان پێکهاتووە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری عێراق لە بەغدا بەشداری لە پانێڵی “هەرێمی کوردستان لایەنێکی کارا لە گۆڕەپانی نیشتمانیدا” کرد، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە رایگەیاند، “من ئەرکی خۆمم بەجێگەیاندووە و داوام لە لایەنە سیاسییەکان کردووە کە پابەندی ئەو کاتە بن کە دیاریکراوە، هەموو هەوڵێکمان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئەو هەڵبژاردنە زیاتر دوانەخرێت.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا باسی لە کێشەکانی نێوان حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، کێشەی سیاسی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان هەیە، “بەڵام ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە کە سەرۆکایەتی ببێتە چەترێک بۆ ئەوانەی کێشەیان هەیە و بەردەوامیش دەبین لەو رۆڵەمان.”
نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی حکومەت لەلایەن تیمی یەکێتییەوە گوتی، دەرچوونی تیمی یەکێتی لە حکومەت، “هەنگاوێکی راست نەبوو، چونکە یەکێتی پێکهێنەرێکی سەرەکیی ئەم حكومەتەیە”. سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە “جەنابی سەرۆک مام جەلال و سەرۆک بارزانی دوای ئاشتبوونەوە، هەنگاوی زۆر گەورەیان ناوە” بەڵام پێیوایە کە یەکێتی بە چوونە دەرەوەی لە حکومەت، “نە خزمەتی بە یەکێتی و نە گەلی کوردستانیش نەکردووە.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشتر داوای گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی حکومەت کردووە و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش چەند جارێک ئەو داوایەی کردووە، بۆیە نێچیرڤان بارزانی دووبارە داوای کردەوە کە تیمی یەکێتی بگەڕێنەوە نێو کۆبوونەوەکان و بۆ ئەوەش داوای کرد محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆڵی خۆی لەو چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بگێڕێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووبارە پشتیوانی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و رایگەیاند، عێراق بەوە سەرکەوتوو دەبێت کە هەموو پێکهاتەکان لە وڵاتەکە خۆیان بە خاوەنی بڕیار بزانن و هەموو پێکهاتەکان دەبێ ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵگرن، چونکە دوای چەندین ساڵ؛ گەلی عێراق چاوەڕێی ئەوەیە کە خۆشگوزەرانی ببینێت.
نێچیرڤان بارزانی باسی لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداش کرد و گوتی، گەشبینە بەوەی کە ئەو رێککەوتنە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت. باسی لەوەش کرد کە عێراق “عومقی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانە و کێشەکانی ئێمەش لە بەغدایە و لە هیچ شوێنێکی دیکە نییە.”
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش بۆ تورکیا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، تیمێکی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا لەسەر هێڵن و گەشبینە کە بەمزووانە هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە، ئەوەش دوای چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان.
نێچیرڤان بارزانی پێیوایە هیچ بڕیارێکی سیاسی نییە بۆ رێگری لە هەناردەکردنەوەی نەوت و گوتی، هەندێک بابەتی تەکنیکی ماوە و چاوەڕێن ئەو بابەتانە یەکلاببنەوە، بۆیە گەشبینە کە پێش دوو هەفتەی داهاتوو ئەو پرۆسەیە دەستپێبکاتەوە. گوتیشی، راگرتنی هەناردەکردنی نەوت تەنیا پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە هەموو عێراقەوە هەیە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ئەو کێشەیە بەزوویی چارەسەر بکرێت، چونکە مانگێکە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە نەکراوە، ئەوەش کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروست دەکات و بارگرانییەکی زیاتر دەخاتە سەر ئەستۆی حکومەتی عێراق، چونکە عێراق دەبێ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.