رۆژان قیاس – سۆران :
بەرپرسێكی كۆمپانیای پاپا گرووپ، تایبەت بە زاری كرمانجی راگەیاند كه رۆژانە زیاتر لە 300 تۆن لە زبڵ و خاشاكی هاووڵاتیانی هەر چوار قەزای ئیدارەی سۆران كۆدەكەنەوەو فڕێی دەدەن.
نامیق ئیبراهیم، جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای پاپا گرووپ لە سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند” دوو رۆژ جارێك كۆمپانیای پاپا گرووپ هەڵدەستێ بە پاككردنەوەو فڕێ دانی زبڵ و خاشاك و پاشماوەی ماڵان و شوێنە گشتییەكانی هەر چوار قەزای ئیدارەی سۆران”،
هەروەكو جێگری بەرێوەبەری كۆمپانیای ناوبراو هێمای بۆ دەكات، رۆژانە زیاتر لە 300 تۆن لە زبڵ و خاشاكی ئیدارەكە كۆدەكەنەوە، بە پێی ئەو ئامارە بێت واتا ئیدارەی سۆران مانگانە نۆ هەزار تۆن و ساڵانە 108 هەزار تۆن زبڵ فڕێ دەدات.
نامیق ئیبراهیم ئەوەش دەڵێ:” زبڵی هەر یەك لە قەسرێ و چۆمان لەوێ كۆ دەكرێتەوە، بەڵام هەر یەك لە قەزاكانی رواندز و ناوەندی سۆران و دیانا لە باپشتیان كۆ دەكرێتەوە، هەروەها هەفتانە زبڵی قەزای مێرگەسۆریش دەهێنرێتەوە سۆران، بۆ ئەوەی لەوێ كەڵەكە نەبێت”.