محەمەد ئامۆكەیی – زاری كرمانجی:
رێكخراوەكانی تایبەت بە پرسی ئافرەتان چەند توانیویانە گۆڕانكاری راستە قینە لە دونیا بینینی ئافرەتی كورد بكەن؟ ئەم پرسیارەیە زاری كرمانجی ئاراستەی ژمارەیەك چالاكوان و توێژەی كۆمەڵایەتی كردووە، ئەندامێكی رێكخراوی ئافرەتان دەڵێت: بەرچاو روونی بە ئافرەتانی كوردستان دەدات تاكو مێینە بە ماف و ئەركی خۆی بزانێت و هەستی پێ بكات، چالاكوانێكیش باس لەوەدەكات: لەئێستادا دەتوانم بڵێم كۆمەڵگەی كوردی بەسەر دوو بەرە دابەش بووە بەشێكیان پێیان وایە ئەم رێكخراوانەی ئافرەتان وایان كردووە كێشە كۆمەڵایەتییەكان بەگشتی و ئافرەتان بەتایبەتی روو لەزیاد بوون بكەن، هەندێكیش پێیان وایە ئەوان كاریان لەسەر هۆشیاركردنەوەی ئافرەتان كردووە.
نیگار نەجات، ئەندامی ئەنجوومەنی مێرگەسۆری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، لە بارەی ئەوەی رێكخراوەكەیان چەند توانیویەتی گۆڕانكاری راستە قینە لە دونیا بینینی ئافرەتی كورد بكات، رایدەگەیەنێت:” كاریگەری رێكخراوی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان دەرخەری ئەوەیە كە رۆژ لە دووای رۆژ كاریگەرییەكانی بەدەر كەون لە پێگەیاندنی ئافرەت و هۆشیاری كۆمەڵایەتی بۆ كەمكردنەوە توندوتیژی كە خەریكە كۆمەڵگەی ئێمە بەرەو ئاقارێكی توندوتیژی دەڕوات، بۆیەش ئەم رێكخراوە بەرچاو روونی بە ئافرەتانی كوردستان دەدەات تاكو مێینە بە ماف و ئەركی خۆی بزانێت و هەستی پێ بكات، هەر لە دامەزراندنی ئەم رێكخراوە ئافرەتان رۆڵی پێگەی بەهێزیان هەبووە لەسەردەمی شۆڕش دا ئافرەتانی كورد پشتیوانی پێشمەرگە بوون شان بە شانی پیاو رۆڵێكی كاریگەری بینیووە هەم لە خێزان و لە نێو كۆمەڵگەش، دەبینین كە لە حكوومەتیش ئافرەت كاریگەری خۆی هەیەو لە پێناوی دەستەبەركردنی مافەكانی و بەشداریكردن لە كایە سیاسییە جۆراو جۆرەكانی واتا ئافرەت بوێرانە هەوڵی داوە بۆ جێبەجێ گەیاندنی حەز و خولیاكانی تاكو سەركەوتن بەدەست بێن لە ئامانجەكانیان.
كوردستان ئەسعەد، چالاكوانێكی سۆرانە، لە هەرێمی كوردستان ئەگەر تەماشا بكەین وێرای زۆری رێكخراوەكانی ئافرەتان بەگشتی لەبەرامبەریش دا بڕوانینە حاڵەتەكانی توندوو تیژی بەرامبەر بەئافرەتان و كێشە خێزانیەكان لەزیاد بوون دان، لێرەدا پرسیارەكی زۆر دروست دەبێت؟ وێرای زۆری ئەو هەموو رێكخراوانە بەڵام نەیان توانیوە رۆڵ و كاریگەریەكی زۆر باش ببینن لەنێو كۆمەڵگەی ئێمەدا و كاری جدی بكەن لەسەر هۆشیاری تاكی كوردی پرسی ئافرەتان لەكوردستان بكەن، هەرچەندە خۆشم ماوەی چەندین ساڵە لەرێكخراوەكانی ئافرەتان كار دەكەم وەك چالاكوانێكی ئافرەتان رەنگە رەخنەی زۆریشم لێ بگیرێت، بەڵام بەشێكی زۆری نەیان توانیوە ببنە نوێنەری راستەقینەی ئافرەتان لە كوردستان”.
ئەو چالاكوانە لەبەردەوامی قسەكانی دا دەشڵێت:” لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراقەوە بەدەیان چالاكوان و رێكخراوی ئافرەتان دروستبوون بەشێكی زۆریان تائێستاش لەژێر كاریگەری حزبە كانیانن بەشێكیشیان تەنیا لەرووە ماددییەوە توانیوەتی سودمەن بن، تائێستاش لەكوردستان ناوەندە كۆمەڵایەتییەكان و بارەگا حزبیەكان بەشێكی زۆری چارەسەری كێشەكانن بەبروای من دۆخی ژنان لە هەرێمی كوردستان لەدۆخێكی خراپ دایە، ئەوانیش نەیان توانیوە یەك هەنگاو كێشەكانی ئافرەتان چارەسەر بكەن، لەئێستا دا دەتوانم بڵێم كۆمەڵگەی كوردی بەسەر دوو بەرە دابەش بووە بەشێكیان پێیان وایە ئەم رێكخراوانەی ئافرەتان وایان كردووە كێشە كۆمەڵایەتییەكان بەگشتی و ئافرەتان بەتایبەتی روو لەزیاد بوون بكەن و هەندێكیش پێیان وایە ئەوان كاریان لەسەر هۆشیاركردنەوەی ئافرەتان كردووە چیتر ئافرەت چەوسانەوە قبووڵ نەكات، وێرای تێبینیم لەسەر رێكخراوەكانی ئافرەتان لەئێستادا ئەگەرتەماشای مێژوی بكەین بەشێكی ئافرەتان رۆڵ و كاریگەری زیاتر یان هەبووە لەناو رێكخراوەكانی ئافرەتان لەسەدەكانی رابردوو مێژوویەكی جوانیان بۆخۆیان تۆمار كردووە، بەڵام لەئێستادا ئەو كاریگەریە نەماوە.
كوردە باپیر، توێژەی كۆمەڵایەتی دیدی خۆی لەسەر رۆڵی رێكخراوەكانی ئافرەتان دەربڕی و رایگەیاند” سەبارەت بە ڕێكخراوەكان ناتوانین بڵێین ڕۆڵیان نەبووە لە هۆشیار كردنەوەی ژنان، بەڵام وەكو پێویست بەو ئەركەی سەرشانیان هەڵنەستاون، زیاتر هەژموونی حیزب زاڵ بووە بەسەریاندا نەیانتوانیوە سەربەخۆبن، بەداخەوە هێندەی لەخەمی كۆكردنەوەی هاو حیزبی دابوون هێندە لەخەمی پرسی ژندا نەبوون، هەڵبەتە هەر كاریگەریان هەبووە، خۆشبەختابە چەندین شێڵپەر و هەوڵی هۆشیاری ژنان هەبووە، بەهیوای ئەوەی سەربەخۆ بۆ ژنان هەوڵبدەن بەجۆرێك مامەڵە نەكەن كەپرسی پلە دووی ژن زیندوو بكەنەوە، زیاتر ژن بەئەرك و مافیان ئاشنا بكەن و لەهەوڵی دەست گیرۆی ژناندابن هەوڵی عەداڵەتی كۆمەڵایەتی بدەن، ئەو بیرۆكە ناشرینە بڕەوێننەوە كەوابزانرێت ئامانجییان زاڵبوونە بەسەر پیاودا هەوڵی هۆشیاری ڕەگەزی بەرامبەریش بدرێت كاتێك كە ژنێك داوای مافی خۆی دەكات (دەم درێژ) نییە، ئەوانەی لەدەرەوە كار دەكەن (لەشفرۆش و بەرەڵا) نین، ژنانیش بەجۆرێك مامەڵەبكەن ڕێز و بەهایان هەبێت و وەكو كاڵایەكی حەز سەیر نەكرێن.