لە ئاستی ئەنجومەنی وەزیران لیژنیەک پێکهاتووە بۆ تاپۆکردنی دووکانەکان
محەممەد مەحموود – سۆران:
بابەتی تاپۆکردنی دووکانەکانی ناو بازاڕی سۆران، وایکردووە لیژنەیەک لە ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران پێکبهێندرێت و چارەسەرێک بۆ ئەو بابەتە بدۆزنەوە نە هاووڵاتی زەرەرمەندبێت نەحکومەت”.
رەجەب زوبێر حارس، قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران لە دیدارێکدا لەگەڵ زاری کرمانجی تیشکی خستەسەر بابەتی تاپۆکردنی دووکانەکانی ناو بازاڕی سۆران و گووتی ” یەکێک لەو کێشانەی لە سۆران هەمانە ئەوەیە زۆر بەی دووکانەکانی سۆران بێ تاپۆن و تاپۆنەکراون”.
قائیمقامی قەزای ناوەندی سۆران باسی لەوەشکرد” ئەو دووکانانە بە چەند قۆناغێک دروستکراون، هەندێکیان پێش ساڵی ٢٠٠٠ و هەندێکیشیان دواتر دروستکراون ، لە ئێستادا سەرقاڵی دیراسەکردنی ئەو بابەتەین، ئەگەر بە پێی یاساکە بکەین دەبێت ئەوانە هەموویان گرێبەستیان لەگەڵ بکرێت، هەندێک لەوانە خۆیان بەحەقتر دەزانن”.
رەجەب زوبێر، لەمیانەی ئەو دیدارەی زاری کرمانجی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد” لیژنەیەک لە سەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران پێکهاتووە، نوێنەری چەند وەزارەتێکی تێیدایە لە ئیدارەی سۆرانیش نوێنەر دیاریکراوە لەگەڵ ئەو لیژنەیە بۆ ئەوەی رێگا چارەیەکی گونجاو بۆ ئەو بابەتە بدۆزرێتەوە، نە هاووڵاتی زەرەر مەندبێت نە حکومەت، ئەو بابەتە بۆ کارکردن بابەتێکی قوڕسە و ئاسان نییە.