مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
جێفری هێنتۆن ى داهێنەر کە بە باوکی ڕۆحی زیرەکیی دەستکرد ناسراوە، پاش دەست لە کارکێشانەوەی لە کۆمپانیای گووگڵ، لە ڕاگەیاندراوێکدا پەشیمان بوونەوەی لە کارەکانی ڕابردووی ڕاگەیاند و لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداریی دا بە مرۆڤایەتی لە پەرەسەندنە خراپەکانی زیرەکیی دەستکرد و گووتی :”لە کارەکانی ڕابردووم پەشیمانم، چونکە تا ئێستا بەشێک لە مەترسیی ڕۆبۆتەکانی زیرەکیی دەستکرد شاراوەن،”
جێفری کە ئێستا تەمەنی گەیشتووەتە 75 ساڵ، باس لەوە دەکات کە لە ئێستادا ڕۆبۆتەکان لە مرۆڤ زیرەکتر نین، بەڵام نایشارێتەوە کە لە ئایندە دەبنە جێگەی مەترسی و دەڵێ: “لە ئێستادا پێم وانییە ئەو ڕۆبۆتانە لە ئێمە زیرەکتر بن، بەڵام بۆ داهاتوو زیرەکتر دەبن و جێی مەترسین، چونکە هەوڵێک هەیە دەیانەوێت بەشێک لە زیرەکیی دەستکرد بە شێوەیەکی خراپ بەکار بهێنن.”