ن/ بەیان یەسف
بێگومان مامۆستایان حەز دەكەن ببن بە مامۆستای قوتابی زیرەك و قوتابییانیش مامۆستایەكیان دەوێت كە بەشێوازێكی جوان مامەڵەیان لەگەڵ بكات.
ئاواتی هەموو قوتابییەك گەشتن بەو پلەیە كە هەوڵی بۆ دەدات و مامۆستایانیش خۆشحاڵ دەبن كاتێك قوتابییەكانیان دەبینن لە زانكۆ و پەیمانگان بە پلەی بەرز وەرگیراون، بۆیەش لە سەرەتای دەست پێكی خوێندن پێویستە مامۆستاكان كەشێكی ئارام و لە بار بۆ قوتابییان بخولقێنن و قوتابییانیش لە لایەن گەورەی ماڵ ئاگادار بكرێنەوە كە ئەركە لەسەر هەموو قوتابییەك ڕێز لە مامۆستاكان بگرن و ئەركیان قورس نەكەن.
چونكە لەشوێنێك دوو توێژی لێكتێگەشتوو و یەكترگر هەبێت، بێگومان بەرهەمێكی باشی دەبێت، مامۆستا پێویستە هاوكاری قوتابی بێت لەهەندێ بارودۆخ، كاتێك دەروونی قوتابی ئاڵۆزە لە زۆربەی قوتابخانەكانمان مامۆستای توێژەری كۆمەڵایەتی هەیە، بەڵام وەك پێویست رۆڵی نادرێتێ و كمتر كاری پێ دەكرێت، كاتێك مامۆستا گلەیی لە قوتابی دەبێت، پێویستە سەرەتا لەگەڵ خۆی قسە بكرێت، بە تایبەتی لە لایەن توێژەرێك نەك ڕاستەوخۆ دایك و باوك بانگێشت بكرێن بۆ قوتابخانە، لەبەر ئەوەی بەداخەوە تائێستاش ئازاردانی جەستەیی و دەروونی قوتابییان لە لایەن هەندێك دایك و باوكان و مامۆستایان ماوە، لەوانەیە دوای ئەوەی گلەیی لای دایك و باوكی قوتابی دەكرێت، لەماڵەوە رووبەڕووی ئەزیەت دان و قسەی ناخۆش ببێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی قوتابی زیاتر لە قوتابخانە بتۆرێت و ڕقی زیاتری لە دڵ بێت بەرامبەر مامۆستاكانی، بۆیە پێویستە لە ڕێگای توێژەرانەوە قوتابی ئاگادار بكرێنە و هەوڵ بدەن بارودۆخە سەختەكانیان بۆ ئاسان بكەن، هەرنا لە حەفتەیەك كاتژمێرێك تەرخان بكرێت بۆ ئامادە كردنی سمیناری بەهێز كردنی دەروونی مرۆڤ، ئەمەش پێویستە لەلایەن دەروون ناسان و توێژەرانی كۆمەڵایەتی پێشكەش بكرێت، بەم شێوەیە دەتواندرێت قوتابی و مامۆستا لە یەكتری رازی بكرێن و بێ كێشە خوێندنیان تەواو بكەن.