موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
ماوەی چەند مانگێكە باڵەخانەیەك بۆ فریاكەوتنی سیدەكان دروست كراوە، بەڵام بەهۆی دابین نەكردنی كەل و پەل و دەرمانی پێویست، هێشتا بە رووی هاووڵاتییاندا نەكراوەتەوە.
كاروان فەیسەڵ بەڕێوەبەری كارگێرَِی بنكەی تەندرووستی سیدەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” ساڵی رابردوو بە گوژمەی 110 ملیۆن دینار، لە سەر بوددجەی وەزارەتی تەندرووستی حكوومەتی هەرێم و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، باڵەخانەیەك بۆ بەشی فریاكەوتنی سیدەكان دروست كراوە، بەڵام تا ئێستا نەكراوەتەوە .
بەڕێوەبەری كارگێرَِی تەندرووستی سیدەكان، دەڵێت:” لە چەند رۆژی رابردوو، بەشێك لە كەل و پەلی پزیشكی كە نزیكەی 20 جۆربوون، لەلایەن لە رێكخراوی پزیشكی بێسنوور بە گوژمەی 25 ملیۆن دینار بۆ بەشی فریاكەوتنی سیدەكان دابین كرا، پێكهاتبوون لە تەختەی نەخۆش، ئامێری ئۆكجسن، بەخاخ، ، دیاری كردنی مردن، گەڕانەوەی دڵ و لیدانی كارەبای، بەشی زۆری ئەو پێداویست و ئامێرانەی پەیوەستن بە حاڵەتی فریاكەوتن دابین كرا .
گووتیشی:” هۆكاری نەكردنەوەی فریاكەوتنی سیدەكان، بۆ دابین نەكردنی هەندێ كەل و پەلی دیكە دەگەڕێتەوە مێز و دلاب و كورسی و كەل و پەلی كۆگای و دەرمان، بۆ ئەم مەبەستەش نوسراومان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندرووستی سۆران بەرز كردۆتەوە و لە رۆژانی داهاتوو بڕیار وایە بۆمان دابین بكرێت، ئەوكات بەشی فریاكەوتی سیدەكان بە رووی هاووڵاتییاندا دەكەینەوە .
قەزای سیدەكان لە رووی كارگێڕیەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، ناوچەیەكی سنووری و شاخاویە و بەهۆی ململانێی سیاسی و هەبوونی رێژەیەكی زۆری مین و شەڕ و پێكدادانی توركیا و پەكەكە و تۆپبارانی ئێران، بەردەوام رووداوی نەخوازراوی لێ دەكەوێتەوە، كردنەوەی فریاكەوتنی سیدەكان ئاسانكاریەكی باش بۆ هاووڵاتییان و دانیشتوانانی دەڤەری برادۆست دروست دەكات.

































































