وەیسی سەعید وەیسی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسینێكی بڵاو كردەوە و تێیدا رای گەیاند: ”یەکێتی سەلماندی کە دژی هەڵبژاردنە. تەنیا بۆ ئەوەی خۆیان لە بڕیاری جەماوەر بە دوور بگرن، تەنانەت سکاڵا لە دژی سەرۆکی پەرلەمانێک تۆمار دەکەن، کە بەر لە هەمووان نوێنەری حزبەکەیانە. ئەوان هیچ سنوورێکی شەرم و حەیا و بەرژەوەندییەکی نیشتمانییان نەماوە، بۆ قۆرخ کردنی دەسەڵات و خۆ سەپێنی، هەموو رێگایەک دەگرنە بەر.“
ڕوونیشی كردەوە، ”یەکێتی خەریکە وەک … دێز لە رقی خاوەنەکەی دەچێتە سەر هەڵدێرێک و خۆی هەڵدەدێرێت. هەمیشە بانگەشەی دیموکراسی و مافی خەڵک و باوەڕ بوون بە بنەماکانی مافی مرۆڤ، گوتەی سەرزار و بنزاری یەکێتییە، بەڵام لە ترسی بنەما دیموکراسییەکان و دەنگی رەوای خەڵک، لە دەرگای هەموو ناکەس بە چەیەک دەدەن و قومار بە هەموو شتێکەوە دەکەن.
وەیسی سەعید وەیسی دەڵێت، حزبێک کە ئەوەندە ترسی لە دەنگی خەڵکە و دەزانێت، تەنانەت ئەندامە دڵسۆزەکانیشی باوەڕیان پێ نەماوە، ”هەقە تۆزقاڵێک شەرم بیانگرێت و بەخۆیاندا بچنەوە. لە بری زەوتکردنی دەنگی خەڵک با بیر لە فرمێسکی دایکی شەهیدەکانی خۆیان بکەنەوە، کە ئاخۆ بۆ ئەوەی چەند هەڵپەرست و قومارچی و دەرمانخۆرێک خۆیان باوێنە سەر ملی خەڵک و داخوازییەکانیان، خوێنی کوڕەکانیان کردە قوربانی، بەڵام ئەفسووس هەموو شتێک لە هەبوون دەڕوات، کە حەیا و شەرم نەبێت، سڵ لە چی دەکەیتەوە کە لێت بڕوات و بە بادا بچێت.“
جەختیشی كردۆتەوە، یەکێتی هەرچییەکی ویست لە ساڵی رابردوو، پارتی و فراکیسیۆنەکانی دیکە کردیان، تەنیا بۆ ئەوەی بیانوویەکیان لەبەر دەست نەمێنێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵام ”خۆیان سەلماندیان، کە هەموو بیانوویەکانیان درۆیەکی فیشاڵ بوو بۆ خۆ دەربازکردن لە رەئی خەڵک و خواستی خەڵک. ئەوان لە هەموو کەس باشتر دەزانن چ خراپە و خیانەتێکیان کردووە، بۆیە لە هەموو کەسیش باشتر دەزانن، چۆن میللەت لە هەڵبژاردن تۆڵەی هەموو فرمێسک و ئازارەکانی چەند ساڵی رابردوویان لە یەکێتی دەکەنەوە. هەرگیز و هەرگیز یەکێتی جارێکی دیکە ماف و حەقی ئەوەی نییە باس لە دیموکراسی و رای خەڵک بکات، ئەوان سادەترین مافی میللەت قەبووڵ ناکەن، چۆن دەتوانن ببنە نوێنەری خەڵک.“
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: ”رۆژانە هەزاران بیانوو بە ناوی خەڵکی سلێمانی دەهێننەوە، بەڵام خۆیان دەزانن چەندە دزی و فزی و گەندەڵییان کردووە، چەند سلێمانی و سلێمانییەکانیان بێناز و بی هیوا کردووە، بە کردەوە خراپ و خیانەت و گەندەڵییەکانیان. بۆیە بەر لە هەمووان، لە رەئی و دەنگی سلێمانییەکان دەترسن.“
لە كۆتییشدا وەیسی سەعید دەڵێت: ”یەکێتی هەمیشە باسی پێشکەوتنخوازی و یەکسانی دەکات، بەڵام ئیدی ئەو باڵۆنەی درۆیەشیان فس دەبێتەوە، دەسەڵاتدارانی ئێستای یەکێتی بۆ پاراستنی دزی و درۆ و دراوی تاقمێکی بەلاڕێدا چوو، نەک هەر رێگە لە پێشکەوتن و سەرکەوتنی وڵات و کۆمەڵگا و بنەما دیموکراسییەکان دەکەن، بەڵکو قومار بە بوون و مێژووی خۆیان و خەڵک دەکەن. ئەوان رۆژ بە رۆژ بە شەرمەزاری و شکست و خیانەت و درۆ و دراوەکانیان، بەر لە هەر لایەک، مێژووی خۆیان و قوربانییەکانیان دەکەنە پەڕەی شەرمەزاری و کەوتن و گلان.“