موڕشید برادوستی – سۆران:
ساڵانە بە تایبەت لە وەرزی بەهاردا، هەندێ جار تەرزە بارینیش وەك دیاردەیەكی سرووشتی روودەدات و دەبارێ، ئەمەش جیا لەوەی بۆ بەرهەمی جوتیاران زیانی هەیە، تەرزە بۆ ئۆتۆمبێلیش زیانی زۆری هەیە، بە گووتەی خاوەن پێشانگایەك، هەر ئۆتۆمبێلێك تەرزەی پێكەوتبێت، لە بازاڕدا نرخیان بە كەمتر مامەڵەی پێوەدەكرێت.
غەفار خدر خاوەنی پێشانگەی ئۆتۆمبێلە لە سۆران، بەزاری كرمانجی راگەیاند:” لە پێشانگەكان و لە كاتی كڕین و فرۆشتندا، هەر ئۆتۆمبێلێك تەرزەی پێ كەتبی نرخی دادەبەزێت، ئەمەش پەیوەندی بە جۆری ئۆتۆمبێل و مۆدێل و نرخەكەی هەیە.
غەفار خدر، دەڵێت:” ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرزی توێتا لاندگرۆزەر ” وەنەوشە ” ئەگەر تەرزەی پێكەتبێت نزیكەی دوو هەزار دۆلار بە كەمتر لە نرخی خۆی كڕین و فرۆشتنی پێوەدەكرێت، پیكاب توێتا 1500 دۆلار و ئۆتۆمبێلی تایبەتیش سەرووی 500 دۆلار نرخیان بەهۆی تەرزەوە دادەبەزێت.
گووتیشی:” ئەو ئۆتۆمبێلانەی تەرزەیان پێكەتبێت، هەموو كەسێك نایانكڕێت، كڕیاری خۆی دەبێ هەبێت، چونكە لە كاتی فرۆشتن و مامەڵە كردن، جیاواز لە ئۆتۆمبێلەكانی كە پارچەیان بۆیاغ بێت، بە زەحمەتر دەفرۆشێن.