زاری كرمانجی- سۆران:
سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان گوتی، هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی نووسینگەی کار لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ژمارەیەکی وردی کرێکارمان هەبێت و ئەوانەی بێکاریشن کاریان بۆ بدۆزرێتەوە.
هەنگاو عەبدوڵڵا خان، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، گوتی: ”ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دەرفەتی کار زۆر زیادی کردووە بەهۆی ئەو هەموو پڕۆژەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێی کردوون، چونکە ئێستا دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زۆر باشترە، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بڕیاری داوە لە هەر پڕۆژەیەکدا پێویستە نزیکەی 80%ی کرێکارەکان خۆماڵی بن، ئەوەش هەنگاوێکی زۆر باشە.”
هەنگاو عەبدوڵڵاخان گوتیشی: ”هەوڵ دەدرێت کە نووسینگەی کار لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە، بۆ ئەوەی هەم ئامارێکی وردی کرێکارانمان هەبێت و هەم بزانین چەند کرێکار کاری هەیە و چەندیش بێکارن، بۆ ئەوەی کاریان بۆ بدۆزرێتەوە، بۆیە لەو ڕێگەیەوە دەتوانین کاری باش بکەین.”
عەبدوڵڵاخان باسی لەوەش کرد: ”بەهۆی ئەوەی نووسینگەی کار لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کەمە ناتوانین ئاماری وردمان دەست کەوێت، بۆیە هەوڵ دەدەین نووسینگەی دیکە بکرێتەوە بۆ ئەوەی لە هەموو ڕوویەکەوە بتوانین سوودیان لێ وەرگرین