زاری كرمانجی – سۆران :
ئەندامێكی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری خەرجكردنی دەرماڵەی قوتابییانی دەركرد .
گولستان باقی ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان، باس لە پشتیوانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ قوتابییان و دەڵێ :”مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەمیشە پشتیوانی قوتابییان بووە، بڕیاری خەرجكردنی دەرماڵەی قوتابییانی دەركرد.”
ئەو ئەندامەی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاندووە كە لە ماوەی ڕابردوودا وەكوو لیژنەی پەروەردە لەپەرلەمانی كوردستان داوایان لە ئەنجوومەنی وەزیران كردبوو كە دەرماڵەی قوتابییانی زانكۆ و پەیمانگەكان خەرج بكەن و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان یش بڕیاری خەرجكردنی دەرماڵەی قوتابییانی دەركردووە.
گولستان باقی، پشتیوانی خۆیان بۆ داواكاری قوتابیان دوپات دەكاتەوە و دەڵێ: ” هەمیشە پشتیوانی لە داواكاریی قوتابییان دەكەین و هەوڵ دەدەین بەردەوام دەرماڵەی قوتابییان بدرێت، ڕاپۆرتی جیاجیا بۆ ئەنجوومەنی وەزیران دەنێرین بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا دەست بە پێدانی دەرماڵەی قوتابییان بكرێتەوە.”


































































