رانیا محموود سەعید
قوتابی زانكۆی سۆران بەشی زانستە كۆمەڵایەتیەكان قۆناغی سێ
بێگومان ژینگە بەخششێكی خوداییە و هەرچی لە نێو ئەم چوارچێوەیەدا فەراهەم كراوە بۆ خزمەتی مرۆڤ دروست كراوە، بۆیە پێویستە لەوە تێبگەین كە چۆن كلتوری ژینگە پارێزیمان بەهێز بكەین؟ بێگومان ئەمەش لە كاتی وەرزی بەهاردا خەڵكانێك زۆر گەشت و سەیران دەكەن و ژینگە پیس دەكەن. بۆیە پێویستە سەرەتا ڕێنمایی ژینگەپارێزی بدرێتە هاووڵاتییان و رۆشنبیری ژینگەپارێزی لەلایەن هاووڵاتییانەوە زیاتر پەرەی پێبدرێت. بەتایبەتی كاتێك دەچین بۆ گەشت هەوڵبدەین ژمارەیەكی كەمتر ئۆتۆمبێل بەكاربهێنن و بۆ هەر خانەوادەیەك تەنها یەك ئۆتۆمبێل هەبێت، نەوەك زیاتر لە یەك و دوان و سیان. ئەمەش بەو ئومێدەی جەنجاڵی زۆر نەبێ و ژینگەكەش كەمتر پیس ببێت. هەروەها پێویستە ئەو شوێنەی كە بۆی دەچین، لە دوایی خۆمان پاكی بكەینەوە، بەتایبەتی وا باشترە پاشماوەكان لەگەڵ خۆمان ببەینەوە لایەنی پەیوەندیدار بەشێكی گرنگن لە پاراستنی ژینگە، بەڵام خەڵكیش رۆلی گرنگی هەیە، هەربۆیە پێویستە هەر تاكێك لە ئێمە بەرپرسیارەتی ژینگە پارێزی هەڵبگریت، چونكە لە توانای هیچ ڕێكخراوێك و لایەنێك نیە بە تەنها پارێزگاری لە ژینگە بكات.
خودی پاراستنی ژینگە و بەكلتور كردنی ژینگەپارێزی لەسەر هەموو تاكێك پێویستە جێبەجێ بكات، پاراستنی ژینگە واتە گەشەپێدانی هۆشیاریی ژینگەیی، ئەمەش دەكرێت لەرێگەی ئەنجامدانی كۆڕ و سیمینار و ڕێگەكانی ترەوە ئەم ڕۆشنبیرییە لەلای خەڵكیدا زیاتر بكەی، ئەمەش وێڕای بە پڕۆگرامكردنی پاراستنی ژینگە لە قوتابخانەكان، چونكە مرۆڤ هەمیشە لە پەیوەندییەكی بەهێزدایە لەگەڵ ژینگەی دەوروبەری، بۆیە پاراستنی ئەركێكی نیشتمانی و ئایینی و نەتەوەییە. هەربۆیە پێویستە گرنگی بە پاراستنی شەقامەكان و قوتابخانەكان بدرێت، بەتایبەتیش پێویستە دایك و باوكان، منداڵەكانیان وا پەروەردە بكەن كە ژینگە دۆست بن و هەمیشە بیر لە پاك و خاوێن راگرتنی ژینگە و كۆمەڵگەكەمان بكەنەوە.
دەبێ ئەوەمان لەبیرنەچێت كە ئێمە ئەركمان لە ژینگە دەوێت، بۆیە پێویستە مافەكانیشی جێبەجێ بكەین. كە ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتر خزمەتكردنی خۆمان و دەبێـتە هۆی پێدانی هەوا و ژینگەیەكی پاك بۆ خۆمان.