سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: بڕیارەكە بۆ لێسەندنەوەی چەك نییە لە هاووڵاتییان، بۆ پێدانی مۆڵەتی رێگەپێدانە
زاری كرمانجی- سۆران:
ئەمڕۆ یەكشەممە، بەسەرپەرشتی هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە هەڵمەتی چڕكردنەوەی هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتن و دەرهێنانی مۆڵەت بۆ چەكی بێ مۆڵەت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە جێگری سەرپەرشتیار بۆ كاروباری كارگێڕی و یەكێتی زانایان و ئەوقافی سۆران و ناوەندە ئەكادیمیی و ئەمنییەكان ئامادەبوون، پاڵپشتی لە جێبەجێكردنی بڕیارەكە دووپاتكرایەوە.
مۆڵەتی پێدانی چەك بەپێی یاسای نوێی چەك ژمارە 2ی ساڵی 2023 دەچێتە واری جێبەجێكردن، بەپێی یاساكە، دوای تۆماركردنی چەكەكە و پێدانی مۆڵەتی چەك بە گوێرەی یاسای چەك مامەڵە لەگەڵ خاوەن چەكەكە دەكرێت بەپێی چەند مەرج و میكانیزمێكی پێویست، بەڵام ئەگەر مۆڵەت نەدرا بە خاوەنەكەی، ئەوا حكوومەت چەكەكە دەداتە موزایەدە و چەكەكە دەفرۆشرێت و پارەكەی دەدرێتەوە بە خاوەن چەك.
جێی ئاماژەیە، لە ژێر رۆشنایی گشتاندنی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە 10338 لە 25ی 4ی 2023 پێویستە حیزب و لایەنە سیاسیەكان بەشداری لە هەڵمەتی هۆشیاری هاووڵاتییان بكەن و لە حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت چەك لە ماڵەكانیان نەبێت.