زاری كرمانجی- سۆران:
حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای نزیکەی ساڵێک مۆڵەتدان بە هاووڵاتییان تاکو چەکە نایاساییەکانیان لای حکومەت تۆمار بکەن، بڕیاری داوە لە 21ی تەممووزی 2023 ــەوە، ڕێکاری یاساییی نوێ لەگەڵ ئەو سەرپێچیکرانە بگرێتە بەر کە چەکی بێمۆڵەتیان پێوە دەگیرێت.
هێمن میرانی، بهڕێوهبهری گشتیی دیوانی وهزارهتی ناوخۆ لەوبارەیەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: “21ی تەممووزی 2023، وەکوو دواکات بۆ تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت دانراوە. پێشتر بنکەکانی تۆمارکردنی چەک ڕاگەیەنرابوون و بڵاو کرابوونەوە، تاکوو هاووڵاتییان چەکەکانیان تۆمار بکەن. ساڵێک بەس بوو بۆ هۆشیارکردنەوە و ئاگاداریی خەڵک تاکوو چەکەکانیان لای حکومەت تۆمار بکەن، ئەوەی مەبەستی بووبێت چەکەکەی تۆمار بکات، کردوویەتی. ئەو چەند مانگەی ماوە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین سەردانی ئەو بنکانە بکەن، چونکە لە 21ی تەممووز بارودۆخەکە لەڕووی یاساییەوە دەگۆڕێت، هەر کەسێک چەکی بێمۆڵەتی پێوە بگیرێت، بەپێی ماددەی 15 لە یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2022، مامەڵەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت؛ لە ساڵێک تا سێ ساڵ بەند دەکرێت و لە دوو ملیۆن تاکوو پێنج ملیۆن سزای دارایی دەدرێت.”
لەبارەی بەردەوامیی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی چەکداری، میرانی گوتیشی: “تۆمارکردنی چەک بەردەوامە، لە پاڵ ئەوەش مەفرەزەی جۆراوجۆر و پۆلیسی هاوبەش لەو شوێنانەی زانیارییان پێ دەگات، دەتوانن دەستبەکار بن و دەست بەسەر چەکی بێمۆڵەتدا بگرن، هەروەها ئەوانە دەستگیر بکەن کە تەقە دەکەن و مامەڵەی یاساییان لەگەڵدا دەکرێت.”
لەبارەی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییانیش لەوبارەیەوە دەڵێت: “پێویستە هاووڵاتییان ئەو هەڵمەتی چەکداماڵینە کە بەرژەوەندیی گشتی تێدایە، بە هی خۆیان بزانن، ئەویش بە تۆمارکردنی چەکەکانیان و دەرنەهێنان و پەنانەبردنە بەر چەک لە کاتی گرفتە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەڵکوو پێویستە پەنا بۆ یاسا و گفتوگۆ ببەن لە جیاتی ئەوەی پەنا بۆ توندوتیژی ببرێت؛ چونکە ڕێگەی توندوتیژانە کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە و چارەسەریشی قورستر دەکات.”
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵمەتی بەردەوامی بۆ داماڵینی چەک و تۆمارکردنی چەکی نایاسایی گرتووەتە بەر، تاکوو لەو ڕێگەیەوە فاکتەرێکی بەهێزی توندوتیژیی کۆمەڵایەتی کەم بکاتەوە؛ بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەی ڕابردوودا، بە قۆناغ هەموو هاووڵاتییان و دەزگا جۆربەجۆرەکانی میدیا و مامۆستایانی ئایینی و حزبە سیاسییەکانی بۆ بەشداریکردن لەو هەڵمەتەدا ئاگەدار کردووتەوە.

































































