موڕشید برادۆستی – سیدەکان:
ماوەیەكە دەست بە پڕۆژەی رێگەی گوندەكانی دۆڵی زەرزێ لە سنووری قەزای سیدەكان کراوە و كەوتۆتە واری جێبەجێكردن، بەڵام بەهۆی هەبوونی تۆڕی ئاوی خواردنەوە لە نێوەندی رێگەكە گرفتی زۆر بۆ فەرمانگەی ئاو و دواجار بۆ پڕۆژەكەش دروست دەكات.
لەو بارەیەوە، قارەمان شێخۆ بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” تۆڕی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانانی سەنتەری سیدەكان كە سەرچاوەكەی لە كوێستانی بەربزینە، بە درێژای 10 كیلۆمەتر كەوتۆتە نێوەندی رێگای دۆڵی زەرزێ، پڕۆژەی چاککردن و دواجار قیرکررنی رێگاكەش دەستی پێكراوە، ئەگەر بێتو پڕۆژەكە بەو شێوەی ئێستا جێبەجێبكرێت و ڕێڕەوی ئاوەكە نەگۆڕدرێت، تووشی گرفت دەبین.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سیدەكان، دەڵێت:” لە وەرزی زستان و تەنانەت وەرزەكانی دیكەش زۆر جار تۆڕی ئاوی سەرەكی دەشكێت، بە مەبەستی چاكردنەوە دەبێت بە ناچاری شوێنەكە هەڵكۆڵین، بەڵام ئەگەر قیری لەسەر بكرێت ناتوانین لە كاتی شكان بە ئاسانی چاكی بكەینەوە.
گووتیشی:” سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و قایمقامی سیدەکان و بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، لە نزیکەوە سەردانی پڕۆژەکە و تۆڕی ئاوی خواردنەوەی سیدەکانیان کرد، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بەڵێنیدا چارەسەری ئەو گرفتە بکرێت و داوای کرد ڕێگری بۆ کارەکانی پڕۆژەکە دروست نەکرێت و تا لەکاتی خۆیدا تەواو بکرێت، بڕیاریدا لە داهاتوودا لە بری دەرهێنانی ” بۆڕی ” پێشتر كە خەرجی و زەحمەتی دەوێ، لە تەنیشت رێگەی دۆڵی زەرزێ بۆڕیەكی دیكە ئاو بۆ دانیشتوانانی سیدەکان دادەندرێت.