محەمەد رزگار – سۆران:
بۆ ئەمساڵی خوێندن زانكۆی سۆران بە شێوازێكی جیاوازتر پێشوازی لە دەرچووانی پۆلی 12 ئامادەیی كرد، ئەویش لە رێگەی ناساندنی هەفتەی زانكۆ، كە هەفتەی رابردوو ئەو ناساندنە بەڕێوەچوو. یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سۆران، دیاركرد:” ناتوانین لە ئێستادا هیچ وادەیەك بۆ كردنەوەی ئەو بەشانە دیاری بكەین كە داوامان كردووە.
د. رزگار سەعید، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سۆران، دەربارەی نوێترین گۆڕانكاریەكانی زانكۆی سۆران بۆ زاری كرمانجی دواو و لە دەسپێكی قسەكانی دەربارەی پلانی زانكۆی سۆران بۆ ساڵی نوێی خوێندن گووتی:” بۆ ساڵی نوێی خوێندن پلانێكی تۆكمەمان داناوە، یەكەم كارمان كردنەوەی پیشانگایەك بوو بۆ قوتابییانی دەرچووی پۆلی دوازدە، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەكمان پێكهێنا بەناوی لیژنەی هەفتەی ناساندنی زانكۆی سۆران، خۆم سەرۆكایەتی ئەو لیژنەیەم كرد، كاری ئەم لیژنەیە ناساندنی گشت بەشە زانستییەكانی زانكۆ بوو بە گشت قوتابییانی كوردستان لە پیشانگایەكی تایبەتدا.
زیاتر گووتی:” ئامانج لە كردنەوەی ئەم پێشانگایە ئەوە بوو قوتابییان پێش ئەوەی فۆرمی وەرگیران لە زانكۆ پـڕبكەنەوە شارەزایی تەواویان هەبێت سەبارەت بە بەشە جیاوازەكانی زانكۆكەمان، بەتایبەت ئەو بەشانەی قوتابییان نیازی پڕكردنەوەی فۆڕمیان هەیە، یەكێكی تر لە ئامانجەكانی كردنەوەی ئەم پێشانگایە خستنەڕووی داهاتووی بەشەكان بوو بۆ ئەوەی قوتابی بزانێت دوای كۆتایی هاتنی خوێندنی زانكۆ چ جۆرە كارێك دەكات.”
یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سۆران، باسی وەرگرتنی قوتابییان دەكات و دەڵێت:” ساڵانە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا داوای پلانی وەرگرتنی قوتابییانمان لێ دەكرێت، دوای ئەوەی ئەم ساڵ داوای پلانمان لێ كرا و بۆمان ناردوون پلانەكەشمان بەپێی توانای بەشەكان و هەبوونی كورسی خوێندن داناوە، بۆیە وەرگرتنی قوتابییان بەپێی بەشەكان گۆڕانكاری بەسەردا دێت و رێژەی وەرگرتنی قوتابییان لە بەشە زانستە مرۆڤایەتییەكان زیاترە لە بەشە زانستیەكانی تر، هەرچەندە رێژەی وەرگرتن دەكەوێتە سەر توانای مامۆستایانی بەش و هەبوونی كورسی خوێندن، بەڵام هەندێكجار ئەو پلانەی ئێمە دەینێرین لەلایەن وەزارەتەوە گۆڕانكاری تێدا دەكرێت، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بەم هۆیەشەوە رێژەیەكی زێدەتر لە قوتابییان وەردەگیردرێت لە زانكۆكەمان، هەرچەندە ئەم كارە بارگرانی لەسەر زانكۆكان دروست دەكات، بەڵام ئێمە گشت هەوڵ و توانایەكمان دەخەینەگەڕ، بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین كچ و كوڕ لە زانكۆكەمان وەربگیرێن.
دكتۆر رزگار، باس لە هەوڵەكانیان دەكات بۆ كردنەوەی بەشی زانستی زیاتر لە زانكۆی سۆران و گووتی:” لە پلانماندا هەیە بەشی زیاتر لە زانكۆكەمان بكەینەوە، بۆ ئەم كارەش پلانێكمان بەرزكردۆتەوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا، بەڵام تاوەكو ئێستا دەزگای سەرپەرشتیاری دڵنیایی جۆری وەڵامی ئێمەی نەداوەتەوە، بەهۆی ئەوەی زیاد كردنی بەشی زانستی پێویستی بە رەزامەندی ئەوانە بۆیە نەمانتوانیوە هیچ بەشێكی نوێی زانستی بكەینەوە، چونكە بۆ كردنەوەی بەشی نوێ پێویستی بە رێكاری تایبەت دەبێت، لیژنەیەك لە خوێندنی باڵا و دڵنیایی جۆری سەردانی زانكۆ بكات و بزانێت شوێنەكە گونجاوە یاخود نا، ئینجا بڕیار لەسەر ئەوە بدەن ئاخۆ پێویستە بەشی زانستی بكرێتەوە یاخود نا بۆیە ناتوانین لە ئێستادا هیچ وادەیەك بۆ كردنەوەی ئەو بەشانە دیاری بكەین كە داوامان كردووە”.