زاری کرمانجی – سۆران :
لە یەکی ئایاری ساڵی ڕابردوو تا ئەمڕۆ 191 کۆڵبەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵات بوونەتە قوربانی.
بە بۆنەی هاتنی 1 ی ئایار جەژنی کرێکارانی جیهان، کۆڵبەر نیوزی تایبەت بە کۆڵبەران، ئاماری قوربانیانیانی کۆڵبەرانی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو بڵاو کردەوە، لە ئامارەکەدا هاتووە :” لە یەکی ئایاری ساڵی ڕابردوو تا ئێستا 191 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و سەر شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و بریندار و بێسەروشوێن بوونە، لە نێویاندا زیاتر لە 176 کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران شەهید و بریندار کراون و چەندانی تریش بێسەروشوێنن و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە،”
بە پێی گوتەی چاودێرانی سیاسیی و چالاکوانانی مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژیان و گوزەران و ئەمنییەتی کۆڵبەران لە مەترسی دایە و هەمیشە دەکرێنە ئامانجی نیشانە شکێنەکانی دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەت و ڕۆژ بە ڕۆژ ئاماری قوربانییەکان لە بەرزبوونەوە دایە .