شەهلا رەشید- زاری كرمانجی
زۆرجار دایكان و باوكان بەهۆی گەشەنەكردنی باڵای كچەكانیان ترسیان لەوە هەیە كە لە پاش بالغبوونیش باڵایان هەڵنەكشێت و گەشە نەكات، ئەمەش بیرۆكەیەكی هەڵەیە و گەشەی باڵای كچان پڕۆسەیەكی جیاوازی هەیە، ئەوان لە تەمەنی كۆرپەیدا بەخێرایی گەشە دەكەن تا دەگەنە تەمەنی بالغبوون دووبارە گەشەیان زیاد دەبێت.
د. محەمەد حەسەن، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” زۆرێك لە دایكان و باوكان ترسیان لە باڵای كچەكانیان هەیە دوای سوڕی مانگانە، ئەوان وا بیر دەكەنەوە كە دوای سوڕی مانگانە باڵایان هەڵناكشێت، ئەوەی گرنگە دوای سوڕی مانگانە باڵای كچان بەرز دەبێ بەتایبەت تا دووساڵ دوای سوڕەكە، بەو مەرجەی پێكدالكانی نێوان ئێسكەكان روونەدات.
گووتیشی” پێویستە پێش كەوتنە سوڕەكە بایەخی تەواو بە باڵای كچ بدرێت بۆ ئەوەی پێش سوڕەكە باڵای كچەكە گەشەیەكی تەواو بكات و بگاتە ئاستێكی بەرزی گونجاو، ئەو كچانەی زووتر دەكەونە سووڕی مانگانە زووتر باڵایان لە هەڵكشان دەوەستێت، بۆیە ئەگەر كچەكە پێش بارودۆخەكە باڵای گەیشتبێتە پلەیەكی بەرز دوای بارودۆخەكە مەترسی بەرز نەبوونی باڵای كەمتر دەبێت، هەر بۆیەش هیوادارم دایك و باوك و كچانیش لەم تەمەنەدا خۆیان تووشی راڕایی و دڵەڕاوكێ نەكەن كە زۆرجار ئەم دڵتەنگییە دیسان دەبێتە هۆی زیان گەیاندن لەسەر باڵایان و رێگری لەبەرزبوونی دەكات.































































