دیمانە: محەممەد مەحموود
ئامادەكردن: شەهلا سۆفی
لەگەڵ دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن هەر زانكۆیەك و كۆلێژ و پەیمانگەیەك بەرنامە و پلانی تایبەت بەخۆیان دەبێت بۆ ڕێژەی وەرگرتنی قوتابییان و دابین كردنی بەشەناوخۆیی و نەهێشتنی ئەو كێشە و گیروگرفتانەی لەبەردەم پڕۆسەی خوێندن هەن، زاری كرمانجی سەبارەت بە كۆلێژی تەكنیكی سۆران لە دیدارێكی تایبەت لەگەڵ مامۆستا پاكستان محەمەدئەمین، راگری كۆلیژی تەكنیكی سۆران باسی لە تەواوی ئەو پرسانە كرد كە پەیوەستن بە پڕۆسەی خوێندن بۆ ئەمساڵی خوێندن.
لە سەرەتای قسەكانی مامۆستا پاكستان، رایگەیاند” یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی ئێمە دابین كردنی بەشە ناوخۆییە بۆ قوتابییان، ساڵانە لە وەرزی هاوین لە مانگی 7 و 8 پڕۆسەی پێداچوونەوە بە كەموكوڕیەكانی كۆلێژەكەمان دەكەین بەتایبەتی بەشەناوخۆییەكان تا ئامادەیان بكەین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو كەموكوڕیانەی كە هەیە چارەیان بكەین تاوەكو قوتابی بتوانێت شوێنێكی گونجاو و لەباری هەبێت تا بە ئاسوودەیی بەشداری لە پڕۆسەی خوێندن و تاقیكردنەوەكان بكات، پێشتر ژمارەیەك بەشەناوخۆییمان بەكرێ دەگرت كێشەمان بۆ دروست دەبوو، چونكە یان شوێنێكی گونجاو نەبوو یاخوود لە كۆلێژ دوور بوو گرفت بۆ قوتابییان دروست دەبوو لە رووی هاتووچۆوە، لەلایەكی دیكەوە ئەو بینایەی لەناو كۆلێژ هەیە كە بۆ بەشەناوخۆیی دانراوە پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەبوو لە توانای ئێمە نەبوو بودجەی بۆ تەرخان بكەین، بۆیە هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بودجەی ئیدارەی سۆران، بۆ ئەم مەبەستە دەست كرا بە نۆژەنكردنەوەی لەسەرەتای مانگی یازدەی ئەمساڵ كۆتایی بە كارەكانی دێت، هەرچەندە ئەم بەشەناوخۆییە تایبەت بوو بە مامۆستایان، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی قوتابییان و كەمی ژمارەی بەشەناوخۆیی بڕیارماندا ئەو شوێنەش بۆ قوتابییان بێت و بكرێتە بەشەناوخۆیی، بەڵام تا ئێستا دیارنییە بۆ كوڕان دەبێت یاخود بۆ كچان، ئێستا بەشە ناوخۆییەك هەیە بەناوی 18ی شوبات كە تایبەتە بە شوێنی مانەوەی كچان كە 64 ژوور لەخۆ دەگرێت، ئێستا قوتابییانی قۆناغی دووەم كێشەی بەشی ناوخۆییان نییە”.
زیاتر گووتی” بە نۆژەنكردنەوەی بەشەناوخۆیی كۆلێژەكەمان توانیمان بۆ هەر ساڵێك 100 ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی حكوومەت بگەڕێنینەوە، هەروەها وەكو كۆلێژ گرفتی بەشە ناوخۆییمان نامێنێت.
سەبارەت بە توانای كۆلێژی تەكنیكی لەڕووی وەرگرتنی قوتابی ئایا چەند قوتابی وەردەگیرێت؟ مامۆستا پاكستان گووتی” كۆلیژی ئێمە لە شەش بەش لە بەیانیان و لە ئێوارانیش بەهەمان شێوە بە هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی پێك دێت كە بریتین لە( پەرستاری، شیكاری نەخۆشییەكان، ئافرەتان و لە دایكبوون، ئای تی، ژمێریاری و كارگێڕی كار) بەڵام بۆ ئەمساڵ خوێندن هەر دوو بەشی پەرستاری و شیكاری نەخۆشییەكان ڕاگیرا، بۆیە نازانین چەند قوتابی بۆ ئەمساڵ لای ئێمە وەردەگیرێن، قوتابی كەوتوو هەیە، قوتابی هەیە لە شوێنی تر دەگوازرێتەوە بۆ لای ئێمە، بۆیە ناتوانین بە دیاری كراوی بڵێین چەند قوتابی وەردەگیرێت، ئێمە لە هەر بەشێك ڕێژەیەكی دیاریكراومان هەیە لە 40% تا 50%ـەیە، بەڵام بۆ ئەم ساڵ جیاوازی هەبوو بەهۆی سیستەمی بۆڵۆنیا پڕۆسێس كە لەسەری جێ بەجێ دەكەین، ئەنجومەنی كۆلیژ دوای دانیشتن بەباشی زانی وەك وەرزی سێیەم یان خولی سێیەم ئەو قوتابییانەی لە یەك وانە تا پێنج وانە كەوتبن دەرفەتیان پێ بدرێت لە 11ی 9 بەشداری ئەو تاقیكردنەوەیە بكەن ئەگەر دەرچوون ئەو قۆناغە تێپەڕێنن بۆ قۆناغی دواتر، دوای ئەوە قوتابی بە دەرچوو هەژمار دەكرێت و دەتوانێت بەدوای هەلی كار و دامەزراندن بگەڕێت”.
پەیوەست بە دەرماڵەی قوتابییانیش، دیاركرد:” نازانین بۆ ئەم ساڵ قوتابییان لە وەرگرتنی دەرماڵە سوودمەند دەبن یان نا، بەڵام پارەی ئەو قوتابییانەی بەپێی ڕێنماییەكانی زانكۆلاین بوون لە وەرگرتنی دەرماڵە سوودمەند بوون”.
لە كۆتاییدا مامۆستا پاكستان محەمەدئەمین، راگری كۆلیژی تەكنیكی سۆران، باسی لەوەكرد داواكاری زۆرمان بۆ دێت بۆ كردنەوەی چەند بەشێك وەك راگەیاندن، گەشتوگوزار، یاسا، بەڵام بەهۆی نەبوونی هۆڵ وكەمی میلاك و نەبوونی تاقیگە ئێمە جارێ ناتوانین هیچ بەشێكی نوێ بكەینەوە هەر كاتێك لەو ئاستەدابووین و لە تواناماندا بوو ئەو كات بڕیاری لەسەر دەدەین”.