ڕێباز یەحیا فاخر
قوتابی زانكۆی سۆران
لەساڵی ١٩١٨ لە كۆتایی جەنگی یەكەمی جیهانی و روخانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و داگیر كردنی چەندین ناوچەی ئەوكاتی عێراق پێش بوونی بە عێراق لە لایەن بەریتانیاوە و هاتنی بەریتانیا بۆناوچەكانی كەركوك و پاشان لەسەر داواكاری سەركردەی كورد بەتایبەتی شێخ مەحمودی حەفید و پەیوەندی كردنی بە ئینگلیز بۆ هاتنیان بۆ كوردستان و سلێمانی بۆدامەزراندنی حكومەتێكی كوردی لە باشوری كوردستان، ئینگلیزەكان دانیان نا بەدەسەڵاتی شێخ مەحمود و كردیان بە سەرۆكی یەكەمین حكومەتی كوردی لەژێر سەرپەرشتی خۆیان و بەدانانی راوێژكارێكیان بەناوی(مێجەر نوئێڵ)، لەگەڵ ئەوەی ناوچەكانی خوارووی كوردستان تا سلێمانی و رانیە و ڕواندز لە ژێر ئەم حكومەتەی كوردیدا بوو، بەڵام ناوچە كوردیەكانی پاریزگای موسڵ و بادینان هەر لە زاخۆوە تاكو ئامێدی و ئاكرێ نەهاتنە ژێر ئەم حكومەتە كوردییە، بۆیەش حكومەتێكی لاوازو پڕدووبەرەكی و ناكۆكی دروستبوو تا بووە هۆی روخانی لە كۆتاییەكانی ساڵی ١٩١٩ و بەدیل گرتنی شیخ مەحمود و دوورخستنەوەی بۆ وڵاتی هندستان، پاشان دروستكردنی ئیدارەیەك كە راستەوخۆ ئینگلیزەكان سەر كردایەتیان دەكرد بە سەرۆكایەتی(مێجەر سۆن) بەڵام ئەوەش سەری نەگرت بەهۆی دروستبوونی چەندین راپەڕین و جوڵانەوە لە دژیان و ناچاربوون شێخ مەحمود لە هندستان بێننەوە و بیكەنەوە بە سەرۆك دووبارە دامەزراندنەوە حكومەتێكی كەردی لەساڵی ١٩٢٢.
ئەوەی جێگای سەرنجە بارودۆخی ئێستای كوردستان بەهەمان بارودۆخی ئەوكاتا تێدەپەڕێت، چونكە لە ئێستادا حكومەتێكی كوردی بەتەواوی دام و دەزگایەكەوە هەمانە، كە بەهەمان شێوە لەئەنجامی قوربانی دان و خەباتێكی زۆر هاتۆتە ئاراوە تا لە دوای كۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتە زڵ هێزەكان ئۆتۆنۆمیان بە كوردستان بەخشی، بەڵام لە ئێستا وەك دەبینین چەندین ناكۆكی و ناڕەزایەتی هەیە لە نێوان لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، بەتایبەتی هەردوو لایەنی سەرەكی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، تائەو رادەیەی یەكێتی نیشتیمانی بایكۆتی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە و بە رادەیەك رۆژانە گوێمان لە كاربەدەستانیان دەبێت باسی دوو ئیدارەی دەكەن كە ئەمە جێگای مەترسی و نیگەرانی خەڵكی كوردستانە، چونكە بەم شێوەیە ئەگەر لایەنە سیاسیەكان نەتوانن لە شوێنی خۆی گفتووگۆی لەسەر بكەن و كێشەكان چارەسەر بكەن كە ئەویش پەڕلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانە ئەوە ناتوانن لە دەرەوە و بە مانگكرتن لە كاروباری حكومەت چارەسەر بدۆزنەوە.
بەم شێوەیەش پێگەی كورد هەم لە بەغدا هەمیش لەسەر ئاستی ئیقلیمی و جیهاندا لاواز دەبێت و بەهانە دەدەن بە دەست ناحەزو دوژمن و وڵاتە ئەوڕووپییەكان و ئەمریكا تا بیرێك بكەنەوە بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتانە، سەرەتا بە هۆی لێدوان و دروستكردنی فشارە بۆ سەر لایەنەكان سیاسییەكانی كوردستان، ئەگەر لایەنەكان بەدەم ئەو فشارانە و داواكاریان نەچوون ئەوا فشاری زیاتر دروست دەكەن ئەمجارە بە رێگەی ئابووری و یاسایی پاشانا بە هۆی نە بوونا مافی مرۆڤ و ئاخادی سنوردارو نەبوونی ئازادی رۆژنامەگەری، تا وای لێ دەكەن یەك دەنگیەكی دەرەكی دروست بێت بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی كوردی و سیستەمی حكومڕانی كورد بە ویست و ئارەزووەكانیان، بەڵام ئەوەش بەهێنانی سیستەمێكی نوێ و دەموچاوێكی نوێ كە هیچ خوێندنەوەیەكی راست و دروستی نییە بۆ كۆمەڵگەی كوردی و هەستی خەڵك و سەركردەكانی كورد، دواجار ئەمەشیان سەرناگرێت هەر دەگەڕێنەوە بۆ سەركردە و كاربەدەستەكانی پێشووتر بۆ دووبارە گرتنی جلەوی كۆمەڵگەی كوردستان.
بەڵام تا ئەو كاتەش چەندین زەرەروو زیان بەر بنیات و حكومەتی كوردی و كۆمەڵگەی كوردستان دەگەیەنێت لە هەموو روویەكەوە، ئەو لێدوان و پەیامانەی وڵاتانی دەرەوە لەبارەی بارودۆخی ئێستای كوردستان بەتایبەتی پەیامەكانی پلاسخار نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەیەكی مەترسین لەسەر كوردستان لەبارەی گۆڕینی سیستەم و سەركردەكان و بەڕێوەبردن، بۆیە تا پێویستە زۆر بەپەلە لایەنەكانی كوردستان بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئەم بارودۆخە سەقامگیر بكەن و ریزەكانیان یەك بخەن ئەمەش بە نواندنی برا گەورەیەتی خۆی پارتی دیموكراتی كوردستان و گەڕانەوەی یەكێتی نیشتیمانی دەبێت، ئەگەرنا لە كۆتاییا ئەوەی سەدان ساڵە قوربانی و هەوڵمان بۆ داوە بە شەهید بوونی هەشت هەزار بارزانی و كیمیا باران كردنی هەڵەبجە و شەهید بوونی پێنج هەزار و ئەنفاڵبوونی هەزارانی تر هەمووی بە بێ ئەنجام و بێ هۆ دەبێ، واتە ئاش بەتاڵ دەبین و دووبارە دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمی دەربەدەری و قوربانی دان و بێ كەسی و بێ نشتیمانی.