زاری كرمانجی – سۆران :
لە كۆنگرەی 14 ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بڕیار لەسەر دروستكردنی ئەنجوومەنی تێكۆشەران درا، لە ئێستادا ئەو ئەنجوومە دەستبەكاربووەو یەكەم كۆبونەوەشیان لەگەڵ سەرۆك بارزانی بوو.
لەمبارەیەوە وەحیدە یاقۆ هورمز كارگێڕی ئەنجومەنی باڵای تێكۆشەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند : ”ئەنجومەنی تێكۆشەران پێك هاتووە لە 14 كارگێڕ و سەرۆك بارزانی خۆی سەرۆكی ئەنجومەنە و مەسعود ساڵەیی، سەرۆكی دەستەی كارگێڕییە و نوێنەری سەرجەم پێكهاتەكانیشی تێدایە و بارەگاكەشی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دەبێت و ڕۆژی پێنجشەممە یەكەم كۆبوونەوەی خۆمان ئەنجامدا و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆ بووینەوە، چونكە یەكەم كۆبوونەوە زیاتر یەكترناسین بوو و دواتر لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆ بووینەوە، بۆیە سەرۆك بارزانی ئێمەی سەرپشك كرد بارەگامان لە كوێ بێ، بۆیە لە هەولێر دەبێت بارەگاكە، چونكە دەستەی كارگێڕی 14 كەسن و لە هەموو ناوچەیەك نوێنەری خۆی تێدایە و پێكهاتەكانیش نوێنەری خۆیان هەیە.”
سەرۆك بارزانی خۆی سەرپەرشتیی ئەنجومەنی باڵای تێكۆشەران دەكات و كارگێڕی ئەنجومەنی باڵای تێكۆشەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بە ئەرك و كاری ئەو ئەنجوومەنە دەكات و دەڵێ: “ئەركی ئێمە گەیاندنی ڕاسپاردە و پێشنیاری ڕاستەوخۆ بە سەرۆك بارزانی دەبێت، چونكە زۆر شت هەیە ناگات، بەڵام ئەوەی ئێمە هەر شتێك هەبێت ڕاستەوخۆ بە سەرۆك بارزانی دەگەیەنین، لەبارەی پێشخستنی حزب و ناوچە كوردستانییەكان و خزمەتی خەڵكی كوردستان بەگشتی، دەیكەینە پێشنیار و پێشكەشی سەرۆك بارزانیی دەكەین.”






























































