زاری كرمانجی – سۆران :
دوای ئەوەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دروستكردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون ی بۆ خەڵكی ھەژار و كەمدرامەت دەركرد، لە ئێستادا سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت لە مانگی پێنج پرۆژەكە دەكەوێتە واری جێبەجێكردن.
دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند: “پڕۆسەی كاركردن بۆ دەستپێكردنی دروستكردنی 20 ھەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی ھەژار و كەمدەرامەت بەردەوامە و لەسەرەتای مانگی پێنج تا كۆتایی مانگ سەرجەم پڕۆژەكانی ئێمە لە شارەكانی ھەرێمی كوردستان دەست بە دروستكردنی دەكرێت”.
دكتۆر محەمەد ئەوەشی گووت: “ئێمە نەوەستاوین و بەردەوامیش كاری بۆ دەكەین و خەریكی تەواوكردنی رێكارەكانین و لەمانگی داھاتوو سەرجەم پڕۆژەكان دەست بەدروستكردنیان دەكرێت”.
دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون سەرجەم شارو شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوەو بەقیستی درێژخایەن بە خەڵكی ھەژار و كەمدەرامەت دەدرێت.