مستەفا دۆلەمەری – بارزان:
بەهۆی باران بارینی بە خوڕو دروستبوونی لافاوی ١٢ – ٤ – ٢٠٢٣، زیان بەر ژمارەیەك پڕۆژەی ئاوی دەڤەری بارزان كەوتووە و چەندان گوندیش بە تانکەر ئاویان بۆ دەبردرێت.
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، بە زاری کرمانجی راگەیاند:” بەهۆی باران بارینی بە خوڕو دروستبوونی لافاو لە ماوەی رابردوو، زیان بەر ژمارەیەك پڕۆژەی ئاوی دەڤەرەکە كەوتبوو، لەلایەن تیمەكانی فەرمانگه كهمان دهستكراوه بەچاككردنەوەیان.
زیاب میقداد، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان ئاماژەی بەوەشدا:”پرۆژەی ئاوی گوندی سەڤرە، هردان، بازێ، کە بەهۆی لافاوەوە بۆری سەرەکیان داڕمابوو چاککراونەتەوە لە ئێستادا، هەروەها گوندی ئالیان، کە سەرچاوەی ئاویان لە چییای شیرینە دوای کار کردن و دانانی بۆڕی ئاو بۆ ماوەی چوار ڕۆژ توانرا ئاو بگەینە ناو گوند و بۆڕییەکان ٩٠% چاک بکرێنەوە و گوندی هەمدەلان، تۆڕی ناوخۆی گوند بە تەواوی چاک کراوەتەوە هەموو ماڵەکان ئاویان بۆ دابین كراوە، هەروەها گوڕینی زیاتر لە ١٨٠ مەتر بۆڕِی پۆلی ئەسلین ١٢٥ملم، کە تێک چوو بوو، چاككراوەتەوەو تەنها پڕِکردنەوەی ماوە لەگەڵ ئاوی قوتابخانە، گوندی هەڤندکا تا ئێستا پڕۆژەی ئاو بەتەواوی چاک نەکراوەتەوە و بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرێت.
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، دەشڵێ:” پڕِۆژەی ئاوی گوندی هۆستان، دوای ماندووبونێکی زۆر و ٦ رۆژ کارکردن بە تیمێکی ١٠ کەسی کێشەی ئاو چارەسەر کرا، هەروەها لە شارۆچکەی بلێ، دوای تێکچوونی تەواوی پڕِۆژەی ئاو لەو شارۆچکەیە بە تیمێکی ٢٠ کەسی و بە ئامێری گەورەوە، توانرا بەشێوەیەکی کاتی ئاو بۆ هاووڵاتیانی شارۆچکەکە دابینبکرێت واتە ٪٨٠ پڕۆژەکە چاکبکرێتەوە.