دێسكی وەرزشی زاری كرمانجی:
ئیمیلیانۆ مارتینێز، ئەو گۆڵپارێزە نایابەی رۆڵی باڵای هەبوو لە بردنەوەی نازناوی مۆندیال بۆ ئارجێنتینا، چەند نهێنیەك دەربارەی لیۆنێل مێسی و هەڵبژاردەی تانگۆ دەخاتەروو.
لەسەرەتای ئاخاوتنەكانیادا ئیمی دەڵێت: “ساڵانێكە من لەگەڵ پزیشكی دەرونیمدا قسە دەكەم تا گەیشتومەتە ئەوەی دەزانم خوێندنەوە بۆ لێدانە سزاكان بكەم، نامەوێت گۆڵپارێزێك بم بێمێشكانە لە ناوەڕاستدا بوەستم و لایەك هەڵبژێرم و خۆمی بۆ هەڵدەم.”
“بە پزیشكی دەرونییەكەم گوت، كە خەڵك رقی لێمە، چونكە قسە لەگەڵ یاریزانەكان دەكەم پێش جێبەجێكردنی لێدانی سزا و دواتر سەما دەكەم، گوتی ئەمجارە وامەكە، كە لێدانێكی سزات گەڕاندەوە وا خۆت هەڵبدە وەك ئەوەی گۆڵت كردبێت، ئەو رەفتارە ترس دەخاتە دڵی بەرانبەرەوە.”
دەربارە فایناڵی مۆندیال ئاماژە بەوە دەدات: “كاتێك یاریی چووە لێدانە یەكلایكەرەوەكانەوە لە یاریی فایناڵ، بە هاوڕێكانم گوت ئێوە كاری خۆتان كرد ئێستا نۆرەی منە كاری خۆم بكەم.”
درێژەی پێدەدات: “هەمیشە پێش یارییەكان توێژینەوە بۆ لێدانی یەكلایكەرەوەی پێنج بۆ شەش یاریزان دەكەم، بەڵام لە یاریی بەرانبەر فەڕەنسا سێ لەو یاریزانانە یەدەگ بوون، گریزمان و جیرۆ و دێمبێلی. كاتێك مباپێ گۆڵی یەكەمی كرد گوتم ئەمڕۆ رۆژی من نییە.”
ئیمیلیانۆ ئەوەش ئاشكرا دەكات: “بە دیبالام گوت لە یاریی كۆتاییدا لێدانە یەكلایكەرەوەكە بۆ ناوەڕاست لێبدات، چونكە لۆرێسی گۆڵپارێزی فەڕەنسا هەمیشە خۆی بۆ لایەك هەڵدەدات.”
مارتینێز بەوە نەوەستا نهێنیەكی دەربارەی مێسی ئاشكرا كرد، كە رەنگە دەرخەری خاڵی لاوازی بێت: “مێسی پێی گوتم ئەو یاریزانەی لێدانی سزا جێبەجێ دەكات هەرگیز ئەو گۆڵپارێزانەی خۆش ناوێت كە دەجوڵێن، چونكە تەركیزی تێكدەچێت.”
ئەوكاتەی كریسیتیانۆ رۆناڵدۆ لە مانچێستەر یونایتد بوو، لە یارییەكدا كە رووبەڕووی ئەستۆن ڤێلای ئەو گۆڵپارێزە ئارجێنیتینیە بوونەوە، لێدانی سزا بۆ مان یو هەژماركرا، برۆنۆ چووە سەرتۆپەكە، بەڵام ئیمی هاتە پێش و داوایكرد رۆناڵدۆ جێبەجێی بكات، ئەوسا و ئێستاش ئەم دیمەنە دەنگدانەوەی بەدوایخۆیدا هێنا.
ئەو گۆڵپارێزە ناوەڕۆكەكەی ئاشكرا دەكات: “لەو دیمەنە رۆناڵدۆم بینی لێدانی سزای جێبەجێ نەكرد، چووم گوتم دەبێت تۆ بێیت، تەنانەت بە كاڤانیشم گوت بە رۆناڵدۆ بڵێن بێت لێدانە سزاكە جێبەجێ بكات، هەموو ئامانجم ئەوەبوو تەركیزی برۆنۆ تێكبدەم.”
لەرەفتارێكی پەشیمانە.
ئیمیلیانۆ مازتینێز لەدوا ئاخاوتنیدا هێمای بۆ ئەوەكرد: “كاتێك رووبەڕووی برۆنۆ فێرناندێز بوومەوە، 25 لێدانی سزا لەسەر یەك گۆڵی كردبوو، كە لەدەستی دا سەمام كرد، نەدەبوو وا بكەم، بەڵام ئەوە هەندێجار روودەدەن.”