مەهدی محەممەد – ڕواندز :
(هەڵەی پراگماتیكی لە ژێرنووسی فیلمی وەرگێڕدراو لە زمانی ئینگلیزی بۆ سەر زمانی كوردی) ئەمە ناونیشانی ماستەرنامەی بارزان سەباح محەممەد مامۆستا لە قوتابخانەی دواناوەندیی ئاكۆیانی تێكەڵاوە.
بارزان بۆ زاری كرمانجی باس لە ناوەڕۆك و ئامانجی پاڵ هەڵبژاردنی بابەتی ماستەرنامەكەی دەكات و دەڵێ :«ناوەڕۆكی ماستەرنامەكەم باس لەو هەڵە و نشستە پراگماتیكیانە دەكات، كە لە ئەنجامی وەرگێڕانی فیلم لە زمانی ئینگلیزی بۆ كوردی ڕوو دەدەن. جا ئەو هەڵانە كار دەكەنە سەر لەدەستدانی ناوەڕۆك و واتای فیلمەكە بەتەواوی ناگات بە بینەری مەبەست.»
مامۆستا بارزان باس لە چەند هۆكارێك دەكات كە وایكردووە وەرگێڕانی فیلمەكان هەڵەی زۆری تێدا بێت و دەڵێ:« چەند هۆكارێك هەیە لەوانە نەبوونی شارەزایی وەرگێڕ لەسەر زمان و كولتووری ئەو زمانەی وەرگێڕانی بۆ دەكات، هەروەها نەبوونی شارەزایی وەرگێڕ لە بواری وەرگێڕان و، ئەنجامدانی وەرگێڕانەكە بە بێ بینین و سەیركردنی فیلمەكە لە لایەن وەرگێڕەكانەوە، كە ئەمەش وا دەكات كارەكتەری فیلمەكان شتێك دەڵێن و ژێرنووسە كوردییەكەش شتێكی پێچەوانە،»
مامۆستا بارزان نەبوونی دەزگایەكی حكومی بۆ پێداچوونەوە و چاودێریكردنی بواری وەرگێڕان بە هۆكارێكی تر دەبینێت نموونەی وڵاتی ئێران دەهێنێتەوە و دەڵێ:«ئێران، گەورەترین دەزگای وەرگێڕانی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە هەتا نامیلكەیەكی 20 لاپەڕەیی و فیلمێكی 20 خولەك بە بێ فیلتەر و پێداچوونەوەی ئەو دەزگایە مافی بڵاوكردنەوەی پێ نادرێت. بۆیە توێژینەوەكە بۆ بواری وەرگێڕانی ئەمڕۆ، كە بوارێكی چالاكە لە كۆمەڵگایەكەمان، پێشنیازی دامەزراندنی دەزگایەكی وەرگێڕان دەكات لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە بۆ هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی كارە وەرگێڕراوەكان، پێش بڵاوبوونەوەیان. ئەمەش بۆ نەهێشتن و كەمكردنەوەی ئەو كەموكورتی و كێشانەی لە بواری وەرگێڕان هەیە لە كۆمەڵگا یەكەمان.»
مامۆستاكەی بەشی زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەی دواناوەندیی ئاكۆیان ی تێكەڵاو باس لە ئامانجی داهاتووی خۆی دەكات و دەڵێ :«ئامانجی داهاتووم، خوێندنی دكتۆرایە لەم بوارەدا، بۆ ئەوەی زیاتر بتوانین دەست بخەینە سەر ئەم كێشەیە كە لە كۆمەڵگایەكە ماندا هەیە.»
٢٧ ی نیسانی ٢٠٢٣ لە زانكۆی سەڵاحەدین لە لایەن لیژنەیەكی باڵا تاوتوێی ماستەرنامەكەی مامۆستا بارزان كرا.
]دوێنێ د. ساڵح ئیبراهیم ئەحمەد لە زانكۆی ڕاپەڕین یەكێك لە ئەندامانی لیژنەكە، لە واڵەكەی خۆی لە فەیسبووك بەو شێوەیە باس لە ماستەرنامەكەی بارزان دەكات و دەڵێ :«دوێنێ لە زانكۆی سەڵاحەدین (ك. پەروەردەی بنەڕەت) وەك ئەندامی لیژنەی تاوتوێی ماستەرنامەیەك لەسەر وەرگێڕان بەشدار بووم. دوای گفتوگۆیەكی ئەكادیمی و چڕ و پڕ، نامەكە لە لایەن لیژنەوە پەسەند كرا. پیرۆزبایی لە توێژەر و سەرپەرشتیاری بەڕێزی دەكەم. ئیشكردن لەسەر ئەم بابەتانە بۆ ئەمڕۆ زۆر گرنگە چونكە وەرگێڕان بابەتێكی زۆر هەستیارە و ناكرێت هەر كەس ڕاست بووەوە دەست بكات بە وەرگێڕانی دەقێك (نووسراو یان وتراو). چەندین جار تێبینی هەڵەی زۆر گەورەم لەو دەقانەدا كردووە كە لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاون بۆ سەر كوردی. هۆكاری ئەو هەڵانەش هەمەجۆرن: لاوازی ئاستی زمانەوانی، كولتووری هەر دوو زمان، هتد.»
