نووسینی : کرێکار قادر ڕوستایی
دەرمانی گیایی، میکانیزمی تایبەتی خۆی بۆ چارەسەری نەخۆشی، بگرە، هەر لەشێوازی لێکردنەوە و هەڵگرتنەوە و ووشکردنەوەی و ئامادەکردنی گژو گیاکان دەبێ بە پێوەری زانستی بێت، ئەگەر بەشێوازێکی هەڕەمەکی بێت، دڵنیابن زیانی زۆر زیاترە لەسەر جەستە و تەندروستی بەرکارهێنەر، بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی لەبواری دەرمانی گیایی کاردەکەن، هەموویان بەڕێگەیەکی زانستی و پزیشکی کار ناکەن، بەڵکو هەیانە لەخۆیەوە گژوگیاکان تێکەڵ دەکات و ئامادەیان دەکات، جا تێکەڵەی چەند گژو گیایەک بەیکەوە دەیکاتە قوتو، یان گیراوەی چەند ئاوتکێک و چەند گژوگیا و شتی تری تێکەڵ بکرێت وەک” هەنگوین و بنیشتە تاڵ و چەندین شتی تر تێکەڵی یەک بکرێت، بەنەشارەزایی و دوور لەبنەمای زانستی پزیشکی کارێکی مەترسیدارە، تەندروستی نەخۆش و بەکارهێنەر دەکەوێتە مەترسیەوە و کارێکی ناشەرعی و نایاساییشە.
ئەوەی من لێرە باسی دەکەم، مەیدانیەن ئاگاداری بووم و بەسەریداگەیشتووم، لەنزیکەوە ئاگادارم چی دەگوزەرێ، کە بەناوی چارەسەری سروشتی بەدەرمانی گیایی، کارێکی زۆر قێزەون و دوور لەبەهای مرۆڤایەتی و تەندروستی ئەنجام دەدرێت کە بریتیە لە: گۆڕین و لێکردنەوەی مێژووی کۆنی سەر دەرمانی گیایی کاتێ مێژووەکەی نزیک دەبێتەوە، هەندێ لەشوێنەکان فرۆشتنی دەرمانی گیایی، دەست دەکەن بە گۆڕین و لێکردنەوەی مێژووی بەسەرچوونی دەرمانی گیایی لەزگەیەکی نوێی لەسەر دەدەنەوە و مێژووەکەی نوێ دەکەنەوە، ئەوەش کارەساتێکی ترە، چونکە وا حاڵی بوون بەشێکی زۆریان ئەوانەی لەبواری دەرمانی گیایی کاردەکەن دەڵێن گژوگیای پزیشکی بۆ مەبەستی چارەسەر، مێژووی بەسەر ناچێت! بەڵام من دەزانم ئەوان لەبەر لێژنەکانی تەندروستی و لایەنی پەیوەندیدار بە حکومەت، مێژووەکەی لێدەکەنەوەو دەیگۆڕن بە مێژووی نوێ. هەمان دەرمانی گیایی کە چەندین ساڵە لەسەر ڕەفەی داناوە بۆ چارەسەری نەخۆشی جارێکی تر دەیدەنەوە بە نەخۆش و بەکارهێنەر ئەمەش کارێکی مەترسیدار و نایاسایی و نازانستی و ناتەندروستە، دەبێت لێژنەکانی تەندروستی هۆشیارتر بن لەشوێنی فرۆشتنی دەرمانی گیایی و شوێنی بەهارات فرۆشەکان.
کارێکی هەروا ئاسان نیە، گژوگیای پزیشکی ئامادە بکرێت بۆ چارەسەری نەخۆشی، چونکە یاسا و ڕێسایی زانستی و پزیشکی خۆی هەیە بەنموونە” لێکردنەوە و هەڵگرتنەوە و وشککردنەوە، دەبێ بەڕێگەکی زانستی بێت لەلایەن کەسانی شارەزا و پسپۆڕی بواری دەرمانی گیایی، وە ئامادەکردنی گژوگیا پزیشکیەکانیش بەهەمان شێوە، دەبێت لەلایەن پزیشکی پسپۆر و کەسانی شارەزا بێ، ئەوەی ئؽستا هەیە، زیاتر بازرگانی کردنە بەجەستە و ڕۆحی نەخۆش و بەکارهێنەر. گژوگیای پزیشکی وەک ئەوەی باسم کرد ئەگەر بەپێی یاسا و ڕێسای زانستی و پزیشکی لەلایەن کەسانی پسپۆڕ و شارەزا بەکار نەیەت لەجیاتی چارەسەر دەبێتە ژەهر و نەخۆش و بەکارهێنەر دەکوژێت.
لێرەوە ئاگادارتان دەکەم: تکایە لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی هیچ دەرمانێک داوامەکە و سەربەخۆ بەبێ ڕاوێژکردن بە پزیشکی پسپۆڕ لەبواری دەرمانی گیایی و کەسانی شارەزا و لێهاتوو هیچ گژوگیایەک و دەرمانێکی گیایی مەخۆن.
لەکۆتاییدا داوا دەکەم: یاسایەکی تایبەت بەبواری دەرمانی گیایی دەربچێت، وە لێژنەکانی تەندروستی و لایەنی پەیوەندیدار بەحکومەت، چاودێری چڕی شوێنەکانی فرۆشتنی دەرمانی گیایی و بەهارات فرۆشەکان بن. ئەگەرنا ژیانی خەڵکی دەکەوێتە مەترسیەوە.
- نووسەر و شارەزا لە بواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری