دانا عەبدولعەزیز
یەکێک لە سیما دیارەکانی هەر وڵاتێکی پێشکەوتوو لە ڕوی ژێرخانی ئابووری،بریتییە لە بوونی ڕێگاو بان و هۆیەکانی گواستنەوەی مۆدێرن.
جێگای خۆشحاڵییە کەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەمەنی خۆیدا بەگشتی و بە تایبەت هەردوو کابینەی هەشتەم و نۆیەم گرنگییەکی زۆر تایبەتی داوە بە بنیاتنان و دروستکردنی ڕێگاو بانی تازە و مۆدێرن، هەنگاوەکانی حکومەت بە ئاراستەی بنیاتنانی ژێرخانی ئابوورییەکی بەهێز و تۆکمە بە ئاشکرا لە گرنگیدان بە ڕێگاوباندا بەدەرکەوتوون.
دانانی بەردی بناغەی ڕێگای جووتسایدی (خەلیفان – سپیلک) لەلایەن ڕێزدار سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مژدە و پاداشتێکی گەورە بوو بۆ خەڵکی کوردستان بە گشتی و خەڵکی دەڤەری خەلیفان بە تایبەت.
ڕێگای ( خەلیفان- سپیلک) ڕێگایەکی ستراتیژ و گرنگە لە ڕوی ( بازرگانی، سەربازی و جیۆگرافی) بەشێکە لە ڕێگای ستراتیژی هامڵتۆن و هەرسێ پارێزگای ( هەولێر، دهۆک و سلێمانی ) بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دەروازەی سەرەکی دەڤەری سۆرانە.
ناوچەی خەلیفان ناوچەیەکی گەشتیاری گرنگە و کۆمەڵێک شوینی گەشتیاری گرنگ و سەرنجڕاكێش کەوتوونەتەوە سنووری ئەم ناوچەیە وەک ( گەلی عەلی بەگ ، دۆڵی ئالانە، بەنداوی بێخمە و چەمی خەلیفان،ڕێگای سەرەکی چیای کۆڕەک)
بوونی ئەم پڕۆژەیە زۆر گرنگە بۆ ناوچەکە و دەبێتە هۆی بوژانەوەی زیاتری دەڤەرەکە لە هەموو ڕویەکەوە.
جێگای خۆیەتی بەناوی سەرجەم دانیشتووانی ئەم دەڤەرە بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانییەوە، دەست خۆشی تایبەت لە ڕێزدار (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین بە بۆنەی پێشکەش کردنی ئەم پڕۆژر گرنگ و ستراتیژییە بۆ دەڤەرەکەمان، دەستی ماندوبوونیان دەگوشین و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ کار و پڕۆژەکانی حکومەتی خۆمان دەخوازین.