زاری كرمانجی-ڕواندز
تۆپی وەستا رەجەب لە سەردەمی میر محەمەد میرنشینی سۆران كە پایتەختەكەی رواندز بووە، لە ساڵی 1813–1837 زایینی لە رواندز دروستكراوە.
سەردەمی خۆی لە كارخانەی وەستا رەجەب لە شاری رواندز، زیاتر لە 222 دانە تۆپ دروستكراون، ئێستا یەكێك لەم تۆپانە لەناو شاری رواندز پارێزراوەو لە سەكۆ و باخچەیەكی تایبەت دانراوە، ئەوانی دیكەش یەكێكیان لە مۆزەخانەی بەغدا پارێزراوەو هەندێكیشیان لە شارو شارۆچكەكانی دیكەی كوردستانن، زۆربەی تۆپەكانیش تا ئێستا بێسەرو شوێنن و دیارنەماون”.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان لەكاتی لەشكركێشی عوسمانییەكان بۆ سەر رواندز، خەڵكی ناوچەكە بەشێك لە تۆپەكانی سەردەمی میرنشینی سۆران هەڵدەدەنە ناو رووباری كاولۆكان بۆ ئەوەی نەكەونە دەست سوپای عوسمانییەكان، دواتر كە سەید تەهای نەهری دەبێتە قائیمقامی رواندز دەست دەكات بە سۆراغی ئەو تۆپانە، لێژنەیەك پێكدەهێنێ و كۆمەڵێك مەلەوانی بەتوانا رادەسپێرێ بۆ دۆزینەوەی ئەو تۆپانە كە لە ژێر پردی كاولۆكان لە رواندز دیاری دەكەن بۆ دەرهێنانی”.
دوای هەوڵ و گەڕانێكی زۆر سەرەنجام لە ساڵی ١٩٢٦ توانرا سێ تۆپ بدۆزنەوە لەچۆمی رواندز، پاشان بە فەرمانی سەید تەها قائیمقامی ئەو كاتی رواندز، تۆپەكان دەگوازرێنەوە بۆ گەڕەكی قەڵا و لەپێش دەرگای سەرا دادەنرێن، وەك رەمزی میرنشینی سۆران كە پایتەختەكەی رواندز بووە.
