زاری كرمانجی – سۆران:
پزیشكێكی هەناو، لە بارەی نەوت خواردنەوەی بەهەڵە، دەڵێت:” زۆرجار حاڵەتەكانی خواردنەوەی نەوت بە هەڵە روودەدات بە تایبەت لەنێو منداڵاندا، مەرج نییە لە ماڵەوە بێت جاری وا هەیە لە سەیرانەگەكان ئەم حاڵەتانە روودەدەن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی زۆربەی جار خێزانەكان بڕێك نەوت لەگەڵ خۆیان دەبەن بە مەبەستی ئاگركردنەوە و نەوتەكە دەكەنە ناو بوتڵی ئاوەوە، بەمەش كەسەكە وا دەزانێت ئاوە و دەخواتەوە،
د. شێروان كۆساری، پزیشكی نیشتەجێی دێرینی هەناو، گووتیشی:” ئەگەر حاڵەتی نەوت خواردنەوەی بەهەڵە روویدا، ئەم هەنگاوانە بگرنەبەر، سەرەتا پێویستە هەوڵبدەیت نەشڵەژێی و ئەو كەسەش ئارام بكەیتەوە كە رووبوڕووی ئەم حاڵەتە بووتەوە، دڵنیابەو لە بڕی ئەو نەوتەی كە ئەو كەسە خواردوویەتەوە، قومێكە یان زیاترە. هەروەها جلەكانی دابكەنە و هەر شوێنێكی جەستەی كە بەر نەوتەكە كەوتووە بە ئاو و سابوون جوان بیشۆ، جلوبەرگی نوێی لەبەر بكە، لە هەمان كات پێویستە كەسەكە بگەیەندرێتە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری.
ئەم پزیشكە، دەشڵێت” لەم حاڵەتەدا بەهیچ شێوەیەك نابێ ئەم كارانە ئەنجام بدرێن، نابێ وا لە كەسەكە بكەیت بڕشێتەوە، چونكە لەكاتی رشانەوە رەنگە بەشێك لە نەوتەكە بچێتە رێڕەوی هەناسە و بەمەش ببێتە هۆی هەوكردن و دروستكردنی كێشەی هەناسە لە داهاتوودا، ئەگەر خۆی رشایەوە هەوڵبدە بیخەرە سەر لا تەنیشت و مەهێڵە رشانەوەكە بچێتەوە رێڕەوی هەناسەیەوە، هەروەها نابێ شیر یان ئاو و هیچ شتێكی پێبدرێت، چونكە ئەوانە نەك سوودیان نییە بەڵكو زۆرجار دەبنە هۆی كارلێككردنی ئەو ماددانە لەناو گەددە، ریخۆڵە و دروستكردنی كێشەی زیاتر.
د. شێروان كۆساری، زانیاری دەخاتەڕوو، دەڵێت” هیچ چارەسەرێكی تایبەت نییە بۆ نەوت خواردنەوە، تەنها لە نەخۆشخانە دەخەوێنرێن و چاودێری نیشانە زیندەگیەكانیان دەكرێ، زۆربەی جار جگە لە ئۆكسجین و چارەسەری دژە تا هیچی تریان پێویست نابێ و زوو دەنێردرێنە ماڵەوە، مەگەر ئەوانەی كە نەوتەكە چووبێتەوە رێڕەوی هەناسە و بووبێتە هۆی هەوكردن و دابەزینی رێژەی ئۆكسجینی خوێن، ئەوانە پێویستییان بە خەواندن دەبێ لە نەخۆشخانە بۆ ماوەی چەند رۆژێك.
بە گووتەی ئەم پزیشكە، ئەم فریاگوزاریانە بۆ حاڵەتەكانی خواردنەوەی بەنزین، ماددە پاكەرەوەكانی وەك شامپۆ، زاهی و فاسیش راستەوخۆ دەتوانرێ هەمان رێنماییەكان بۆیان جێبەجێ بكرێن.