زاری كرمانجی-سۆران:
لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزاو ناحیەكانی ئیدارەی سۆران كەوتوونەتە واری جێبەجێ كردنەوە.
هەژار حەكیم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ” لە بەردەوامی كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجام دەدرێن”.
گووتیشی: ” پڕۆژەكان بریتین لە ئامادەكاری قیڕكردنی قوناخی یەكەمی ڕێگای گوندی گەزنە لە ناحیەی سمیلانی سەر بە قەزای چۆمان، قیڕكردن و چاككردنەوەی شەقامەكانی رێگای نێوان سپیلك–شانەدەر، پڕۆژەی دروستكردن و قیڕكردنی شەقامێك لە گوندی مەجیداوە لە سنووری قەزای ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دروست كردنی دیواری پاڵپشت لە شەقامی سەرەكی ناحیەی سمیلان، دانانی چەند كەپرێك لە فلكەی ناو بازاڕی سۆران، بۆ پشودانی هاووڵاتییان”.