زاری كرمانجی – سۆران:
لەگەڵ فراوان بوونی ئیدارەی سۆران و هەبوونی ژمارەیەك قەزا و چەندین ناحیە، تا ئێستا بەشی چارەسەری سوتان لەو دەڤەرە بوونی نییە، ئەوانەی تووشی رووداوی سوتانیش دەبن بە ناچاری رەوانەی هەولێر دەكرێن، ئەمەش نیگەرانی هاووڵاتییانی لێ كەوتۆتەوە، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆرانیش، دەڵێت” هیچ بەرنامەیەكمان نییە بۆ كردنەوەی ئەم بەشە.
د. كامەران مەلا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” بەشی سوتان زۆر هەستیارە، ستافی پێویستە و خزمەتكردنێكی زۆری دەوێت، لەبەر ئەوەی كەسێك كە دەسوتێت ئەوا بەرگری لەشی لاواز دەبێت، پێویستە لە هەموو ڤایرۆس و میكرۆبێك پارێزراو بێت، تەنانەت لە هەولێریش تەنها یەك شوێن هەیە بۆ وەرگرتنی چارەسەری سوتان.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران، گووتیشیی” لە ئێستادا هیچ بەرنامەیەكمان نییە بۆ كردنەوەی بەشی سوتان، تا هەموو چارەسەرییەكانی سوتانی تێدا ئەنجام بدرێت، چونكە بەشێكی گەورە و تایبەتی دەوێت لەگەڵ ستافێكی رێك و پێك، لە بەرئەوەی پێست زۆر هەستیارە ئەو كەسەی دەسوتێت پێستەكەی لەوانەیە تووشی نەخۆشییە گوازراوەكانیش ببێت، بۆیە دەبێت لە شوێنێكی تایبەت بێت بۆ ئەوەی دوور بێ لە ڤایرۆسەكان، كردنەوەی بەشەكە وردەكاریەكی زۆری دەوێت”.































































