زاری کرمانجی – سۆران :
ماوەی زیاتر لە چوار مانگە ڕووداوەکانی ژەهراویبوونی قوتابییانی بەشێک لە قوتابخانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامی هەیە و تا ئێستا بە دەیان قوتابی کورد ژەهراویبوون و چاودێرانی سیاسی و چالاکوانانی مەدەنی هێما بۆ ئەوە دەکەن کە دەوڵەتی ئیسلامی ئێران بێ ویژدانانە هێرشی کیمیایی دەکاتە سەر قوتابخانەکان.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە یەک ڕۆژدا پێنج جار هێرشی کیمیایی کراوەتەوە سەر ناوەندەکانی خوێندن.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە : “25 ی نیسان ی 2023 لە درێژەی هێرشە کیمیاییە سیستەماتیکەکان بۆ سەر قوتابخانەکان، لانی کەم 5 ناوەندی خوێندن لە شارەکانی سنە، کرماشان و تاران کرانە ئامانج، کە بەو هۆیەوە ژمارەیەک قوتابی ژەهراویبوون و بە مەبەستی چارەسەرکردنیان براون بۆ نەخۆشخانەکان،”
هەر لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا و بە گوتەی شایەتحاڵان: “لە قوتابخانەی مەستوورەی ئەردەڵان، لە سەرەتای دەستپێکردنی وانەکان، بەڕێوەبەرانی قوتابخانە مۆبایلیان لە هەموو قوتابییان وەرگرتووەتەوە و تا کاتی تەواوبوونی دەوامی ئاسایی قوتابخانە ڕێگەیان بە هاتنە دەرەوەی قوتابییان نەداوە.”