ئەمڕۆ 26-4-2023، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، بەردەوامن لە دابینكردنی بڕی گەنم بۆ سێیەم بەشە ئاردی مانگانەی هاووڵاتییان.
لە بڵاوكراوەكە هاتووە ” كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی، لەگەڵ سایلۆ و شوێنەكانی بەردەوام دەبن لە ئامادەكردنی ئاشەكان بەو بڕە گەنمەی كە بۆ بەشە ئاردی مانگی سێیەم تەرخان كراوە، ئەمە جگە لە وەرگرتن و دابەزاندن و گواستنەوەی گەنمی ناوخۆیی و هاوردە بۆ بەشەخۆراك لە نێوان پارێزگاكاندا”.
لە بڵاوكراوەكە زیاتر روونكراوە كە ” ئێستا لە پارێزگاكانی دیالە، هەولێر، كەركووك، سلێمانی، بەردەوامن لە كارەكانیان لە دابینكردنی گەنم بۆ ئاشەكان، بڕەكەشی دیاری كراوە و جۆری ئاردەكەش لە جۆری تێكەڵە دەبێت”.
لە بارەی جۆری گەنمەكانیش روونكراوەتەوە” گەنمی ئەمەریكی و گەنمی ناوخۆیی تێكەڵ دەكرێت و ئەو بڕە گەنمەش لەڕێی بەندەری ئوم قەسر دەگاتە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق”.