زاری كرمانجی – سۆران:
بە گوتەی بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران جووڵەی بازرگانی لە دەروازەکە زیادی کردووە و دەشڵێ، ڕێژەی ھاتوچۆی گەشتیارانیش لەم مانگەدا زیاد بووە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.
سیروان حەسەن، بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، ڕاگەیاند: “ڕۆژانە بەپێی بڕیار و ڕێنمایییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی، دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران کارەکانی بەڕێوە دەبات و لەم مانگەدا لە سنووری دەروازەی حاجی ئۆمەران جووڵەی بازرگانی زیاتر بووە و ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە بۆ ئێمە وەک حکوومەت و دەروازە، زیادبوونی جووڵەی بازرگانی.”
سیروان حەسەن گوتیشی: “جگە لە ھێنانی کاڵا و ئاڵوگۆڕی بازرگانی ھەر لەم مانگەدا ڕێژەی ھاتوچۆی گەشتیارانیش لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران زیادی کردووە، ڕۆژانە گەشتیارێکی زۆر لە ڕێگەی دەروازەی نێودەڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە دێنە ھەرێمی کوردستان و بەپێچەوانەوە گەشتیاری ئێمەیش دەچنە وڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران.”