ڕۆژان قیاس_زاری كرمانجی:
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2011 تا 2013 لە پێناو خزمەتكردن و بوونە خاوەن كاری تایبەتی خۆیان، پرۆژەی قەرزی بچووكی بە گەنجان دەدا، بەمەش رێژەیەكی زۆری گەنجان لە تەواوی شارەكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی و 531 گەنجیش لە دەڤەری سۆران به تايبهتى لەم پرۆژەیە سوودمەند بوون.
ساڵی 2013 بە هۆی خراپی بارودۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان پرۆژەكە راگیرا.
لە بارەی دەنگۆی دەستپێكردنەوەی قەرزی بچووك، زاری كرمانجی پەیوەندی بە بەڕێوەبەری بنكەی قەرزی بچووك لە سۆران كرد و ئەويش وتی:” لە ماوەیەكی نزیكدا جارێكی تر پرۆژەی پێدانی قەرزی بچووك دەست پێدەكاتەوە”.
فەوزیە دەسكۆ بەڕێوەبەری بنكەی قەرزی بچووك لە سۆران راگەیاند:” ئەم پرۆژەیەی حكومەت بۆ كەمكردنەوەی بێ كاری بوو لە نێو گەنجان، قەرزەكە لە نێوان 2 تا 15 ملیۆن دینار بوو و رێژەیەكی زۆری گەنج لێی سوودمەند بوون، بەڵام بە هۆی قەیرانەكان ڕاگیرا، وا بڕیارە لە سەرەتای ساڵی نوێ دەست پێ بكرێتەوە بە پێدانی قەرزی بچووك”.
ناوبراو ئەوەشی وت:” گەڕاندنەوەی قەرزەكان كاتێكی زۆری خایاند و بەشێك لە سوودەمەندانی ئەو پرۆژەیەش تا ئێستا قەرزەكەیان نەگەڕاندوتەوە”،
بەڕێوەبەری بنكەی قەرزی بچووك لە سۆران باس لە بڕیاری لێخۆشبوونی 15 % ی حكومەت دەكات كە وایكرد 70 % سوودمەندبووان قەرزەكانیان بگەڕێننەوە، ئەوەش دەڵێ:” هەر سوودمەندێك قەرزەكەی نەگەڕێنێتەوە، ناچارین بە راگرتنی مووچەی كەفیلەكانیان، تا قەرزەكەی دەگەڕێنێتەوە”.
بەڕێوەبەری بنكەی قەرزی بچووك گوتیشی” ئەگەر پرۆژەكە دەست پێ بكاتەوە، میكانیزمێكی نوێ دروست دەكرێت و قەرزەكە بۆ پرۆژەی كشتوكاڵی گونجاو دەبێت، بۆیەش بڕی قەرزەكە زیاد دەكرێت، لە هەمان كاتدا رێژەیەكی كەمتر لە گەنج وەردەگیرێن”.